هێرشی عەرەبستان بۆسەر خەڵکی سیڤیل لە یەمەن
پەلاماری قورسی فڕۆکە جەنگییەکانی عەرەبستانی سەعوودی بۆسەر پارێزگای تەعزی یەمەن و کرانەئامانجی ناوەندە تیجارییەکان، ناوچە ئاوەدان و خوێندنگەکان، شەهیدبوونی ژومارێک لە خەڵکی مەدەنی، لەوان ژن و منداڵ و برینداربوونی ژومارێکی دیکە لە هاووڵاتیانی بێ دەرەتانی لێکەوتووەتەوە.
لەئاکامی پەلامارەکانی ئەم دواییەی عەرەبستانی سەعوودی بۆسەر پارێزگای تەعز لە یەمەن، چەند ناوچەو ناوەندی بازرگانی کرانەئامانج کە بەهۆیەوە، ژومارێک لە هاووڵاتیانی سیڤیل شەهید بوون و ژومارێکیش بریندار بوون. یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سەعوودی لە٢٤کاتژمیری رابردوو، ١٠٤ هێرشی ئاسمانی و مووشەکیان لەدژ ئامانجە ناسەربازییەکان لە سەنعای پایتەختی یەمەن و پارێزگاکانی جوف، تەعز، عیمران، حەججە، سەعدە، حودەیدە، لەحج، بەیزاء و زاڵح ئەنجام دا. ئەو پەلامارانە بەفڕۆکەی ئێف ١٥ و تایفۆن و لە بنکە ئاسمانییەکانی خەمیس مەشیت و تائیف و هەروەها لە ناوچەی نەجرانەوە، ئەنجامی گرتووە. وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن وتیشی: پەلامارەکانی سەعوودیا ، شەهید و برینداربوونی دەیان کەسی مەدەنیی یەمەنی لێکەوتەوە کە ژومارێک لەوان منداڵ بوون. بەم پێیە، کۆی پەلامارە ئاسمانییەکانی عەرەبستانی سەعوودی لەکاتی دەسپێبوونی چڕکرانەوەی گرژییەکان دژی یەمەن گەیشتووەتە ٦٠٣٨ پەلاماری ئاسمانی و مووشەکی. لەهەمان کاتدا، ڕێکخراوی مافی مرۆیی لایەنگری مافی ژنان و منداڵان، کرانەئامانجی خەڵکی سیڤیل و خستنەبەر مەترسیی گیانی منداڵان و ژنانی بە پێشێلی ئاشکرای یاساوڕێسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان زانی و داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەم و دەزگەکانی مافی مرۆڤ کرد هەتا بەرپرسایەتییە یاسایی و مرۆییەکانیان جێبەجێ بکەن و هەنگاوی خێرا بنێن بۆ ڕاگرتنی ئەو کردەوانە. پارێزراویی پێویست بۆ خەڵکی مەدەنی بڕەخسێنن و بۆ دەستەبەریی ڕێزدانان بۆ یاساوڕێسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، هەوڵ بدەن.