سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەران کۆدەبێـتەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i375850-سەرۆکایەتی_حکومەتی_هەرێم_لەگەڵ_وەبەرهێنەران_کۆدەبێـتەوە
ئەمڕۆ سیشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
کانونی دوھەم 28, 2020 15:00 Asia/Tehran
  • سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەبەرهێنەران کۆدەبێـتەوە

ئەمڕۆ سیشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

 لە کۆبونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبو، گفتوگۆ دەربارەی کارنامەی کابینەی نۆیەم تایبەت بە پەرەپێدانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوری هەرێمی کودستان کرا.

سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، وەبەرھێنەرانیان دڵنیاکردەوە کەحکومەتی ھەرێم پاڵپشت و رێخۆشکەر دەبێت بۆ پرۆسەی وەبەرھێنان و نەھێشتنی رۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم  جەختی لەوە کردەوە، کە ئامانجمان ئەوەیە زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنان لە گشت کەرتەکان بهێنینە ئارا و ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەکی بکەین.

وتیشی پێویستە وەبەرهێنان بە پێی پلانێکی زانستی و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی گشتی بێت . 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان لە روی ماددی و مرۆییەوە دەوڵەمەندە و دەرفەتی ئەوە هەیە ببێتە بنکەیەکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا.داواشی لە کەرتی تایبەت کرد کە هاوکاری حکومەت بکەن لە پرۆسەی گەشەپێدانی ئابوری و بەکارخستن و دۆزینەوەی هەلیکار بۆ گەنجەکانمان لە کەرتی تایبەتدا کە پێویستە زیاتر گرنگی بە گەنجانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە دەرفەتەکانی کارکردندا.پاشان سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی ئامادەبوانیان دایەوە.