پارتی: پێویستە کێشەکان لەگەڵ یەکێتی چارەسەر بکەین
وتەبێژی پارتی رایگەیاند: لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریمان هەیەو پێویستە بۆیان بگەڕێینەوەو لەکوێ کێشەیەک هەیە بەدیالۆگ چارەی بکەین، دەشڵێت: لەگەڵ ئەوەین کۆبوونەوەی سێ قۆڵی یەکێتی و پارتی و گۆڕان بەزوویی بکرێ.
به پێی راپۆرتی پی یوو کەی مێدیا ، مەحمود محەمەد وتەبێژی رەسمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای حزبەکەی رایگەیاند: لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتنی سیاسی و ئیداریمان هەیە، ئەو رێککەوتنانە ئیمزا کراون و پێویستە بۆیان بگەڕێینەوە و لەکوێ کێشەیەک هەیە بە دیالۆگ چارەی بکەین، لێکتێگەیشتن بۆ چارەکردنی ئاڵۆزی و کێشەو گرفتەکان بکەین، نەوەک لەڕێی سۆشیال و میدیاو راگەیاندن.
راشیگەیاند: کێشەکان دەبێ بەدانیشتن و تەفاهوم پێکەوە چارە بکەین، بەرپرسیارێتییەکی گرنگی ئەم قۆناغە لەسەر ئەستۆی هەموومانە، هەموومان بەرپرسیارین و دەبێ ئەم بەرپرسیاریە بەشێوەیەکی باش و سیاسییانە ئەدا بکەین.
لەبارەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕانیش رایگەیاندوە: پێشتریش ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییە زەروور بوو، بەڵام هەندێ بارودۆخ و دواتریش ئەو رێکارانەی تەندروستی هاتنە پێش، هەندێ پێشهات هاتن و لەیەکتر دوورکەوتینەوە، پێویست دەکات کۆببینەوە.
وتەبێژی پارتی ئەوەشی وتوە: پارتی و یەکێتی و گۆڕان، پێکهێنەری سەرەکی حکومەتن، هەم لە پەرلەمان و هەم لە حکومەت و هەمیش لە سەرۆکایەتی هەرێم، لەگەڵ ئەوەین ئەم دیالۆگە بەزوویی بکرێ، ئەو کێشەو گلەییانەی کە هەن و ئەم گرفتانەی کە هەیە وردە وردە چارەسەر بکرێن، بۆ چارەسەری کێشەکانیش رەنگە پێشنیاری جیاجیامان هەبێ، بەڵام کۆمەڵێک شتی هاوبەشی گەورەترمان هەیە لەو کێشانەی هەن.