لایەنەکانی دەرەوەی پارتی پێکەوە دەگەڕێنەوە پەرلەمانی کوردستان
وا بڕیارە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی پێکەوە بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان.
بە پێی راپۆرتی مێدیاکانی ھەرێم ، دوای ئەوەی رۆژی 7ی ئایار پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی و پێکهاتەکان پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی هەڵگرت، ئەوەش نیگەرانی یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتووی لێکەوتەوە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش رایگەیاند، تا شکۆ بۆ پەرلەمان نەگەڕێتەوە و باسی خەمی خەڵکی تێدا نەکرێت، سەرۆکایەتی دانیشتنەکان ناکات.
سەرچاوەیەک لەسەرکردایەتی یەکێتی بە وێستگە نیوزی راگەیاند، ئەوان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی دەرەوەی پارتی هەماهەنگییان هەیە بۆ چۆنیەتی گەڕانەوەیان بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و وتی: "لەو هەماهەنگییە بەردەوام دەبین و تائێستا کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ گەڕانەوەمان بۆ پەرلەمان، لایەنەکان دەیانەوێت پەرلەمانی کوردستان بەدوور بێت لەیەکلاییکردنەوەی کێشەی حزبەکان، چونکە ئەوە خزمەت بەپڕۆسەی سیاسی کوردستان ناکات".