May 27, 2020 16:15 Asia/Tehran
  • ئەمڕۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران بەڕووی جموجۆڵی بازرگانیدا ده‌کرێته‌وه‌

ئەمڕۆ دەروازەی حاجی ئۆمەران بەرووی جموجۆڵی بازرگانیدا دەکرێتەوە‌و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران دەست پێ دەکاتەوە.

«سیروان حسێن» وتەبێژی دەروازەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگەیاندووە: ڕۆژی چوارشەممە، دەروازەی حاجی ئۆمەران بە رووی بازرگاناندا دەکرێتەوە و جموجۆڵی بازرگانان دەستپێدەکاتەوە‌و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە چوارچێوەی رێکارە تەندروستییەکاندا ئاسایی دەبنەوە.

لەبارەی جموجۆڵی گەشتیاریش لە دەروازە سنوورییەکان، وتی: بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، دەروازە سنوورییەکان بە رووی گەشتیاراندا داخراون تاوەکو یەکی حوزەیران، لەدوای ئەو بەروارەش چاوەڕێی بڕیاری نوێی وەزارەتی ناوخۆ دەکرێت.

ئەگەرچی لە یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و کۆماری ئیسلامی ئێران داخران‌و لە دووەم رۆژی جەژنەوە لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ‌و پەروێزخان ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستیپێکردۆتەوە، بەڵام وەک وتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەڵێت، تازە بڕیار وایە دەروازەی حاجی ئۆمەران لە ئەمڕۆوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەستپێدەکاتەوە

بۆچوونت