حکومەتی هەرێم زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکان دەگۆڕێت
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆسەی گۆڕینی سەرۆک شارەوانییەکان دەستیپێکردووە، وتەبێژی وەزارەتی شارەوانیش دەڵێت: زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکان بەر پڕۆسەکە دەکەون.
بە پێی ھەواڵێکی شارپرێس ، کوردۆ شابان، وتەبێژی وەزاڕەتی شارەوانی لەمیانی لێدوانێکی بۆ پێگەی فەرمیی پارتی وتی: بڕیار بوو پێشتر گۆڕانکارییەکە بکرێت، چونکە ھەر کاتێک کابینەی حکومەت دەگۆڕدرێت، لە زۆربەی ئاستەکان گۆڕانکاری دەکرێت، لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەش وەزارەتی شارەوانی دەستیکردووە بە گۆڕینی سەرۆک شارەوانییەکان لە ھەرێمی کوردستان.
وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی وتیشی: بەشێک لە سەرۆک شارەوانییەکان تێبینییان لەسەر ھەیە و بەشێکی دیکەشیان ماوەی چەند ساڵێکە لەو پۆستەدان و پێویستیان بە گۆڕانکاری ھەیە.
ئەو روونیکردەوە، کە ماوەکانی رابردوو سەرۆکی شارەوانی ھەولێر و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی ناو ھەولێر گۆڕدران و بڕیارە ھەموو سنوورەکانیش بگرێتەوە، بێگومان کەسانی نوێ و پسپۆڕ لەو بوارە دەکرێنە سەرۆک شارەوانی.