داوای رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بۆ ئازاد کردنی 5 گیراوەکەی بادینان
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i393450-داوای_رێکخراوی_لێبوردنی_نێودەوڵەتیی_بۆ_ئازاد_کردنی_5_گیراوەکەی_بادینان
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاڕاستەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە دەڵێت، “پێویستە بەخێرایی و بەبێ مەرج ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە ئازادبکرێن”.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
شوبات 27, 2021 20:15 Asia/Tehran
  • داوای رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی بۆ ئازاد کردنی 5 گیراوەکەی بادینان

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی، لە ڕاپۆرتێکدا کە ئاڕاستەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە دەڵێت، “پێویستە بەخێرایی و بەبێ مەرج ئەو پێنج چالاکوان و ڕۆژنامەنوسە ئازادبکرێن”.

 

بە پێی هەواڵی میدیاکانی هەرێم ،لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، “لە 16ی شوباتی ئەمساڵدا دادگای تاوانەکانی هەولێر لە هەرێمی کوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەکە لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسان شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، حسێن عیسا و ئەیاز کەرەم و شڤان سەعید سەپاند”.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت، “ئەو سزایانە بە تۆمەتی دروستکردنی پشێوی و تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەسەر ئەو پێنج کەسەدا سەپێنراوە”.

باسیلەوەشکردووە کە ئەو سزادراوانە ئێستا مانیانگرتووە لە نانخواردن بەهۆی ئەو سزایەی لە 16ی ئەم مانگەدا بەسەریاندا سەپێنرا، پێویستە ئەو پێنج کەسە بەخێرایی و بەبێ هیچ مەرجێک ئازادبکرێن.

لە پەیامێکدا کە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاڕاستەی دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە دەڵێت، “دادگاکە بەشێوەیەکی نادادپەروەری بەڕێوەچووە و زیندانییەکان ئەشکەنجە دراون و بە شێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە”.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “ئەو زیندانیکراوانە لە شوێنێکی نەشیاو و بەبێ شوێنی نوستن و شوێنی باشی دانیشتن لەگەڵ زیاتر لە 100 زیندانی دیکەدا دەمێننەوە”.

ڕێکخراوەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداردەکاتەوە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا و پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکەیان و بەڕێوەچوونی لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە بەبێ ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و نەگونجاو.