دوایین زانیاری لەبارەی بودجە و پشکی ھەرێمی کوردستان
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق رایگەیاند: هێشتا لایەنە شیعیەکان لەبارەی پشکی هەرێم و تەسلیمکردنی نەوتەوە هیچ رەشنوسێکیان بۆ لیژنەی دارایی نەناردوەو ئەوەی بڵاویش کراوەتەوە رەسمیی نیەو تەنها دەنگۆیە.
دەشڵێت: کاتی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر بودجە بەنادیاری ماوەتەوەو چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان تا کۆتایی ئەم هەفتەی بخایەنێت.
د.بەختیار شاوەیس وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند:کۆبوونەوەی سبەینێ دوشەممە تایبەتە بەپرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی و بابەتی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراقی تێدا نیە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەکانی پەرلەمان تا 5 شەمەی داهاتوو بەردەوامبێت.
لەبارەی دوا زانیاری لەسەر پشکی کورد، وتی: تائێستا ئەو رەشنوسەی پرۆژەکە کە لەلایەن حکومەتەوە رەوانە کراوەو دەبێت هەرێم رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و 50%ی داهاتەکانی ناوخۆ تەسلیمی بەغدا بکات وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام ئێستا دەنگۆیەکی تر بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لایەنە شیعییەکان رەشنوسێکی تریان هێناوەو داوای تەسلیمکردنی 460 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێم دەکەن لەگەڵ خەرجکردنی شایستەی کۆمپانیاکان و گواستنەوەی نەوت کە نزیکە لەوەی حکومەتەوە، بەڵام ئەوەش رەسمی نیەو نەخراوەتە پرۆژەی بودجەوە.
وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق راشیگەیاند: هێشتا دیار نیە پرۆژەکەی حکومەت بۆ بودجەو بەتایبەتیش پشکی کوردی تێدەپەڕێت، یان لەکاتی دەنگداندا لایەنەکانی تر بەدیل ناهێنن یاخود هەر دەنگ بەو مادەو بڕگانە دەدەن کە تایبەتە بەپشکی هەرێم، بۆیە تا کۆبوونەوەی بودجە نەکرێت نازانرێت چی رودەدات.