تورکیا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i398730-تورکیا_بە_قووڵایی_30_کیلۆمەتر_هاتۆتە_ناو_خاکی_هەرێمەوە
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایدەگەیەنێت، تورکیا بە بێ ئاگاداری ئێمە نزیکەی حەوت بنکەی سەربازیی لە ناوچەکە کردوەتەوە و زیاتر لە سی کیلۆمەتریش خاکی ناوچەکەی بەزاندووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 18, 2021 03:41 Asia/Tehran
  • تورکیا بە قووڵایی 30 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایدەگەیەنێت، تورکیا بە بێ ئاگاداری ئێمە نزیکەی حەوت بنکەی سەربازیی لە ناوچەکە کردوەتەوە و زیاتر لە سی کیلۆمەتریش خاکی ناوچەکەی بەزاندووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ بە KNNی راگەیاندووە: تورکیا بەبێ ئاگاداری لایەنە ئیدارییەکانی ناوچەکە بنکە سەربازییەکانی لە ناو خاکی هەرێم دەکاتەوە و لە ئێستادا تەنیا لە سنووری کانی ماسێ نزیکەی حەوت بنکەی سەربازیی کردوەتەوە.

سەربەست سەبری وتیشی، تورکیا پشت بەستووە بە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ عێراق، چوونکە بە پێی ئەو رێکەوتنە لە لایەن هەردوو وڵاتەوە دەتوانرا بە قووڵایی 25 کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکترەوە، بەڵام پێویست بوو دوای رووخانی حکوومەتی بەعس لە ساڵی 2003، هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە بدرایە تا ئەو ڕێکەوتنە هەڵوەشێندرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دۆخی ناوچەکە نائارامە و فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بە بەردەوامی ناوچەکە بۆردوومان دەکەن، و بە هۆی بۆردوومانەکانیشەوە چەندین دۆنم زەویی کشتوکاڵ و پووش و پاوانی ناوچەکە سووتاون بەتایبەت لە نزیکی گوندی هرورێ.

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ باسی لەوەش کرد،  لە ماوەی سی ساڵی رابردوو تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ هاوڵاتی مەدەنی لە ناوچەکەی ئێمە گیانیان سپاردوو و دەیان هاوڵاتیش برینداربوون، کە تەنیا لە ئەمساڵدا سێ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بوون.