ئه‌یلوول 25, 2021 23:01 Asia/Tehran
  • وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم: ئه‌و که‌سانه‌ له‌ هه‌رێم دورده‌خرێنه‌وه‌ که‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی هه‌ولێریان به‌لاڕێدا بردوه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، رێکاری یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی، که‌ کۆبونه‌وه‌که‌ی ھەولێریان بەلاڕێدا بردوه‌ و هه‌روه‌ها که‌سه‌ که‌مته‌رخه‌مه‌کان به‌ سزا ده‌گه‌یه‌نێت له‌ هه‌ر لایه‌که‌وه‌ بن و ده‌شڵێت، "ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌م کارانه‌ ھه‌ستاون، دورده‌خرێنه‌وه‌ و جێگه‌یان له‌ هه‌رێمی کوردستان نابێته‌وه‌".

له‌ ڕونکردنه‌وه‌یه‌کدا وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم رایگه‌یاند، "رێکخراوێکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ۆرکشۆپێکی له‌ هه‌ولێر بۆ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی به‌شێک له‌ پارێزگاکانی عێراق ئه‌نجامداوه‌ به‌ مه‌به‌ستی کارکردن له‌ سه‌ر چه‌مکه‌کانی پێکه‌وه‌ژیان و چه‌سپاندنی بنه‌ماکانی فیدڕالیزم له‌ عێراق له‌ به‌ر ڕۆشنایی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌، هه‌ندێک له‌سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌م چالاکییه‌، ئه‌م ۆرکشۆپه‌یان به‌ لاڕێدا بردوه‌ و بۆ هه‌ندێک مه‌به‌ستی سیاسی به‌ کاریان هێناوه‌ که‌ دور بووه‌ له‌ مه‌رجه‌کانی مۆڵه‌تپێدانی ئه‌م جۆره‌ ۆرکشۆپانه‌ و له‌ میانه‌ی چالاکییه‌که‌دا، چه‌ند وتار و به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاوکراونه‌وه‌ که‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ گه‌ڵ سیاسه‌تی فه‌رمیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناگونجێت و گوزارشت له‌ سیاسه‌تی هه‌رێمی کوردستان ناکات".

هه‌ر به‌گوێره‌ی رونکردنه‌وه‌که‌، "وه‌زاره‌تی ناوخۆ، رێکاری یاسایی ده‌گرێته‌ به‌ر به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ی، که‌ ئه‌م کۆبونه‌وه‌یان به‌ لاڕێدا بردوه‌ و هه‌روه‌ها  که‌سه‌ که‌مته‌رخه‌مه‌کان به‌ سزا ده‌گه‌یه‌نێت له‌ هه‌ر لایه‌که‌وه‌ بن".

وه‌زاره‌تی ناوخۆ باسی له‌وه‌شکردوه‌، "هه‌رێمی کوردستانی عێراق، وه‌ک کیانێکی ده‌ستوری له‌ چوارچێوه‌ی عێراقی فیدراڵی، وه‌ک هه‌میشه‌ پابه‌نده‌، به‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک، رێگا نادات که‌سانێک که‌شی ئازادی و دیموکراسی که‌ له‌ هه‌رێمدا به‌رقه‌راره‌، بۆ مه‌رامی دیکه‌ی سیاسی به‌کار بهێنن و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ به‌م کارانه‌ ھه‌ستاون، دورده‌خرێنه‌وه‌ و جێگه‌یان له‌ هه‌رێمی کوردستان نابێته‌وه‌".

سەرپەیڤ