فەرەنسا و سوید ڵێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش بەرامبەر کورد دەکەن
تیمێکی هاوبەشی فەرەنسی و سوێدی پێکدەهێندرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بکەن کە داعش بەرامبەر کوردانی ئێزدی ئەنجامیداون.
یۆرۆجەست لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی ئەم تیمە بریتی دەبێت لە دۆزینەوەی ئەو تیرۆریستە شەڕکەرە بیانییانەی کە تاوانی نێودەوڵەتی سەرەکییان ئەنجامداوە، وەکو جینۆساید، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ کە لە ماوەی شەڕی چەکداری لە سووریا و عێراق دژی ئەندامانی کەمینەی ئێزدی ئەنجامیان داون."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تیمەکە هەروەها "سەرنجی لەسەر دۆزینەوەی قوربانییان و شایەتحاڵەکانی ئەو تاوانانە دەبێت کە لە لایەن چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانەوە لە عێراق و سووریا ئەنجامدراون."
یۆرۆجەست هەروەها یارمەتیی عێراق و سووریا دەدات و راوێژیان پێدەدات بۆ ئەوەی پەیڕەوێکی دادوەرییان هەبێت تاوەکو هەنگاوە دادوەرییەکانیان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یەکبخەن و رێکبخەن تاوەکو زۆر رێکاری یاسایی جیاجیا دژی هەمان تۆمەتبار لە بەرامبەر هەمان تۆمەت نەگرنەبەر.
بەرپرسانی نوێی تیمە نوێیەکەی سوێد و فەرەنسا لەگەڵ "تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەدان بە لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق (یونیتاد)" کاردەکەن.
یۆرۆرجەست باس لەوە دەکات کە کاری تیمە فەرەنسی و سوێدیەکە "بایەخی دەبێت بۆ سیستەمی دادگەری لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا یان وڵاتانی سێیەم کە دەیانەوێت کۆتایی بە خۆدزینەوەی چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکان لە سزا بهێنن کە لە تاوانی نێودەوڵەتی وەکو کۆیلەکردن یان تووندوتیژیی سێکسی دژی خەڵکی ئێزدی تێوەگلاون."