دوای جەژنی قوربان یەکێتی و پارتی کۆ دەبنەوە
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندووە: دوای جەژنی قوربان بڕیار وایە هەردووک مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستان، «ئەحمەد کانی» بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی ئەم لایەنە ڕۆژی شەممە لە ڕایگەیاند: بڕیاردراوە دوای جەژن کۆبوونەوەکانی نێوان پارتی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەست پێ بکرێتەوە، کۆبوونەوەکەش لە ئاستی مەکتەبی سیاسیی هەردوولا دەبێت.
ئەم بەرپرسەی پارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە،بابەتی گفتوگۆکان فراوانن وئێستا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆ دەکرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆش هەڵبژاردنی پەرلەمان لە بابەتە هەرە گرنگ و لە پێشەکانی گفتوگۆی نێوانمان دەبێت.
«ئەحمەد کانی» لەبارەی گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان وتوویەتی: بابەتەکە لەوەدا قەتیس نەبووە کە ئایا بە یەک بازنەیی هەڵبژاردن بکرێت یان فرەبازنەیی بێت؛ بەر لەوە کێشەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانمان هەیە کە پێویستی بە هەموارکردنەوەیە، هاوکات کێشەی پێکهاتەکان هەیە؛ ئەوان مافی خۆیانە نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن و هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ئەو مافەیان لێ زەوت بکات.