کانونی دوھەم 03, 2023 03:49 Asia/Tehran
  • فراکسیۆنى گۆڕان داوا لە پارتی و یەکێتی دەکات چیتر

فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى ھەرێمی کوردستانی عێراق رەخنە لە پەکخستنی کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەگرێت و داوا دەکات دامەزراوەی یاسادانان لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە کێشەکانی خەڵک و پرسی هەڵبژاردن کۆبونەوەکانی دەست پێ بکاتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی سەربە ھەرێمی کوردستانی عێراق، «گوڵستان سەعید» سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستانی عێراق ڕۆژی دووشەممە لەلێدوانێکدا بۆ میدیای حزبەکەی ئەوەشی خستوەتەڕوو، ناتەبایی و ناکۆکىی نێوان پارتى و یەکێتى هەمیشە بووەتە گرفت و ئاستەنگێکى گەورە لەبەردەم کارەکانى پەرلەمانى کوردستان دا.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان وێڕای ئاماژە کردن بەوەی کە ، لەکاتێکدا پەرلەمانى کوردستان شوێنى نوێنەرانى خەڵکى کوردستانە بە پێکهاتە و رەنگە جیاوازەکان و دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، ڕایگەیاندووە: بەڵام لە ئێستادا پەرلەمان بێ ڕۆڵ کراوە و پارتى و یەکێتى ھەرکاتێک بیانەوێت کۆبوونەوە رێکدەخەن و بەرنامەى کار دادەنێن، هەرکاتێکیش ناتەبا بن دادەنیشتن و کارەکان پەک دەخرێن.

ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە رۆڵ و کارى پەرلەمان بە ئامانجى ئەوە بێت خزمەت بە خەڵکى کوردستان و چارەسەرىی کیشەکان بکات و دانیشتن بکرێت لەسەر ئەو یاداشتانەى لە رابردودا پێشەکەش کراون پەیوەست بە گرانى نرخى سوتەمەنى، دابینکردنى سوتەمەنى بۆ هاوڵاتیان، پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران، هەموارى یاساى وەبەرهێنان، خانەنشینىی ئاسایش و ناوخۆ و کاراکردنەوەى کۆمیسیۆن و یاساى هەڵبژاردن.

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت، دەبوایە پەرلەمان لەسەر هەمو ئەو بابەتانە هەڵوێستى جددىی هەبوایە و دانیشتنى پەرلەمانی ئەنجام دابایە، نەک ئەوەى کۆتا مانگى ساڵى رابردو بەبێ دەنگى و بێ هیچ کۆبونەوەیەک تێپەڕێنێت.

سەرپەیڤ