پارتی و یهکێتی رێککهوتن
هەردو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی ئەمڕۆ لە هەولێر کۆبونەوەو رایانگەیاند، لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن، کاراکردنەوەی کۆمسیۆن و تۆماری دەنگدەران گەیشتون بە رێککەوتن
زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی هەردولا رێککەوتن کە هەرێمی کوردستان بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن و دوای رێککەوتن لەسەر رەشنوسی یاسای هەڵبژاردنەکانیش، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کارا بکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕو، هەردولا لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کورسی پێکهاتەکان نەگەیشتون بە رێککەوتن و دەیانەوێت خودی پێکهاتەکان بڕیار بدەن کە کام جۆری هەڵبژاردن بۆ ئەوان گونجاوە، لەکۆبونەوەی داهاتوشدا کە بڕیارە رۆژی شەممە ئەنجام بدرێت ئەو بابەتەش گفتوگۆی زیاتری لەسەر دەکرێت.
پەیوەست بەم بابەتەش لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆنفرانسەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وتی، کۆبونەوەکە لەسەر دەستپێشخەری بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بوە چونکە حزبەکەیان باوەڕی وایە هەڵبژاردن پرسێکی نیشتیمانییە و ناکرێت زیاتر لەوە دوابخرێت.
ئەوەشی خستەڕو، هەردو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لەسەر زۆربەی خاڵەکان لێکتێگەیشتنیان هەبو، بڕیاریش درا لە کۆبونەوەی ئایندەدا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش راوێژ بکرێت بۆ رەشنوسی کۆتایی یاسای هەڵبژاردنەکان و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندکردنی.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی داتاکانی دەنگدەرانی حکومەتی عێڕاق ئەنجام دەدرێت، لەئێستاشدا تەنها لەسەر کورسی پێکهاتەکان جیاوازییان هەیە کە لەکۆبونەوەی داهاتودا ئەو بابەتەش یەکلایی دەکرێتەوە