فازڵ میرانی:ئێستا کورسیی پێکهاتەکان "گرێ کوێرەی" کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتین
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لەبارەی کێشەکانی پارتی یەکێتی و ناکۆکییەکانی ئەو دوو حزبە لەسەر کورسیی پێکهاتەکان، لاهوور شێخ جەنگی، کێشەکانی یەکێتی لەگەڵ حکومەت، پرسی هەڵبژاردن و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد.
فازڵ میرانی پێیوایە ئێستا کورسیی پێکهاتەکان "گرێ کوێرەی" کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتین و دەڵێت، "ئێمە پێمان باشە لەوە زیاتر ئێمە و یەکێتی لەسەر پێکهاتەکان نەبینە بڕیاردەر، نەبینە پارێزەریان، ئینجا مەسیحی بن یان تورکمان. خۆیان هەر بڕیارێک بدەن با ئێمە قبووڵی بکەین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا پارتی هیچ پەیوەندییەکی بە بابەتی لاهوور شێخ جەنگی هەیە؟ فازڵ میرانی رایگەیاند، بۆچی ئێمە بەرامبەر کوڕەکانی مام جەلال پشتگیریی لاهوور بکەین؟ چی لاهوور لە ئەوان باشترە؟
سەبارەت بەوەی، لاهوور شێخ جەنگی خۆی وەکو هاوسەرۆکی یەکێتی ناسیوە. ئایا پارتی ئامادەیە وەکو هاوسەرۆک مامەڵەی لەگەڵ بکات؟ فازڵ میرانی دەڵێت: بە رای من ئەو بابەتە لە دادگەی بەغدا یەکلایی کراوەتەوە و ئەوە کێشەی پارتی نییە و کێشەی یەکێتییە. ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان دادەنیشن و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لایەنی بەرامبەری ئێمەیە و لەگەڵ ئەوان دادەنیشین.