سۆران عومەر: هەرێمی کوردستان بەرمیلی نەوت بە ٢٠ دۆلار دەفرۆشێت و ئامادە نیە بیداتە عێراق بە ٧٠ دۆلار
سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەریی لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت "عێراق داوا دەکات بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەم بکرێتەوە بۆ ١٥٠ هەزار بەرمیل و تەسلیمی سۆمۆی بکەن بۆ هەر بەرمیلێکیش ٧٠ دۆلار حساب دەکەن، بەڵام هەرێم ئامادە نییە ئەو کارە بکات خۆى بەرمیلى بە ٢٠ دۆلار دەفرۆشێت".
سۆران عومەر لە نووسینێکدا لە فەیسبووکى خۆى ئەوەشى خستۆتە ڕوو: "وەزارەتی نەوتی عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێ لەوەی بەرمیلی نەوت بە (٢٠$) دەفرۆشن، بۆیە هەرێم ئاگادار دەکاتەوە نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکەن چونکە نرخی نەوت بەپێی یاسای بودجە بە (٧٠) دۆلار دانراوەو ئەوان بەو نرخە وەریدەگرن لەهەرێم و بۆ نێوخۆ بەکاریدەهێنن".
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە "عێراق بەنوسراوی فەرمی دەڵێ نەوتەکەمان رادەست بکەن لەنێوخۆ بەکاریدەهێنین مانگی (٦٠٠ ) ملیۆن دۆلار دەکات، هەرێم ئەمە ناکات خۆی دەیفرۆشێ بە (١٧٠) ملیۆن دۆلار! گوایە لەو پارە (١٢٠) ملیۆن دۆلاری دەداتەوە بە کۆمپانیا بیانیەکان و (٥٠) ملیۆن دۆلاریشی بۆ خۆی هەڵدەگرێ.