ئاڵا تاڵەبانی: زەیدی گفتوگۆی لەگەڵ تورکیا کردووە بۆ ڕاگرتنی قاچاخکرانی نەوتی هەرێم
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند، عەلی زەیدی گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا ئەنجامداوە بۆ ڕاگرتنی قاچاخکرانی نەوتی هەرێمی کوردستان و هەوڵی دیاریکردنی بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەدات.
ئاڵا تاڵەبانی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیاش گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە هاوکاری بۆ ڕاگرتنی ئەم پرۆسەیە. ناوبراو بە ئاماژە بە نیگەرانییەکانی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان، پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر نەوتی هەرێم بە قاچاخی نابرێتە دەرەوە، ئەی داهاتەکەی لە کوێیە و ئایا ئەم داهاتە دەگاتە خەڵکی کوردستان؟ ئاڵا تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاندووە، زەیدی دەیەوێت بڕی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان و بڕی هەناردەکردنی دیاری بکات و نیگەرانییەکی جددی هەیە سەبارەت بە دۆخی داهاتی نەوتی هەرێم. لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم لە ڕابردوودا تۆمەتەکانی بەغدایان لەسەر بەقاچاخی فرۆشرانی نەوتی هەرێم ڕەتکردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، ئەو جۆرە لێدوانانە دوورن لە ڕاستییەوە و بەئامانجی چەواشەکردنی ڕای گشتی دەدرێن. ناکۆکی لەسەر تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان و شەفاف نەبوونی ڕادەی داهاتەکان لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دادەنرێت.