یازدە کوژراو و بریندار لە ئاکامی پەلاماری بەهاوەنی تیرۆریستان بۆسەر دەمشقی سووریا
میدیا بیانییەکان ڕایانگەیاند، یازدە کەسی سیڤیل لە ئاکامی پەلاماری بەهاوەنی تیرۆریستان بۆسەر دەمشقی پایتەختی سووریا کوژران و بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی مێهر، تەلەفزیۆنی دەوڵەتیی سووریا ڕایگەیاند: گرووپە تیرۆریستییەکان ئەمڕۆ دووشەممە نەخۆشخانەی تشرین لە دەمشقیان بەهاوەن پێکا. لەو پەلامارەدا لانیکەم دوو شارومەندی سووری کوژران و نۆ کەسی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیاش ڕایگەیاند: لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا، ١٣ حاڵەتی پێشێلکرانی ئاگربڕ لەناوچە کەم کێشەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکان لە سووریا تۆمار کراوە. پێشێلکرانی ئاگربڕ لەلایەن گرووپە چەکدارەکان لە گردووپەڕی لازقییە، حەڵەب و دەمشق ڕووی داوە.
لەکاتی پەسەندکرانی بڕیارنامەی٢٤٠١ی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەکان بۆ ڕاگرتنی تێکهەڵچوونە سی ڕۆژییەکان لە سووریا، گرووپە تیرۆریستییەکانی جێگیر لەغوتتەی ڕۆژهەڵاتی زیاتر لە٢٥٠گولـلە هاوەنیان گرتە ناوچە ئاوەدانەکانی دەمشق و دەورووبەری.
ناوەندی ئاشتیی ڕووسیا لە سووریاش دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند؛ تیرۆریستان لە غوتتەی ڕۆژهەڵاتیی ئۆپراسیۆنی پشکنینی ماڵ و حاڵی کەسانی سیڤیلی سووریایان دەسپێکردووەو وێڕای دەسبەسەرداگرتنی ماددە خۆراکییەکانی شارومەندانی سووری، ناسنامەکانی ئەوانیش وەردەگرن هەتا نەتوانن لەغوتتەی ڕۆژهەڵاتی بچنە دەر.
لەهەمان کاتدا، سەرچاوە سوورییەکان ڕایانگەیاند، کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکانی ڕێکخراوی نەتەوەکان لە ئۆردوگای ئەلوافدین جێگیرکراوەو چاوەڕوانی ڕەخسانی هەلی هاتنەنێو شاری دوما لە غوتتەی ڕۆژهەڵاتی دەمشقە. ئەو کاروانە لە٤٦ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر پێکهاتووە کە هەڵگری یارمەتییە پزشکی و خۆراکییەکان بۆ٢٧هەزار و٥٠٠کەسن.
ڕێکخراوی نەتەوەکان داوای لە لایەنەکانی تێوەگلاوی شەڕ لە قەیرانی سووریا کرد، ڕەوتی فریاگوزاریی بەکەسانی سیڤیل پەک پێ نەخەن.
گرووپە تیرۆریستییەکان لە غوتتەی ڕۆژهەڵاتی دەمشق دەمێکە کەدووبارە بەبەزاندنی ڕێککەوتننامەی ناوچە کەم کێشەکان، ماڵ و نیشتنگەکانی شاری دەمشق بەهاوەن و مووشەک دەپێکن، ئەو پەلامارە هاوەنی و رۆکێتیانەی تیرۆریستان بۆ گەڕەکەکانی شاری دەمشق، کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی سیڤیلی لێکەوتووەتەوە.