ناکۆکیی تیرۆریستان لە سەر مانەوەو یان چوونە دەرەوە لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق
دوابەدوای پێشنیاری ڕووسیا لەمەڕ دابین کردنی تونێل گەلی هێمن بۆ چوونەدەرەوەی چەکداران لە غوتەی ڕۆژهەڵاتی دیمەشق ، تیرۆریستان لە سەر مانەوەو یان چوونە دەرەوە لەم ناوچەیە تووشی ناکۆکی هاتن.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی هەواڵدەریی میهر بەگێڕانەوە لە ڕاشاتودەی، ناوەندی ئاشتیی ڕووسیا لە سووریا( حەمیمیم) ڕایگەیاند: بڕێک لە چەکداران لە غوتەی ڕۆژهەڵات هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکانیان ئامادەی چوونە دەرەوە لەم ناوچەیەن، ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەستەیەکی دیکە نەیاری ئەم بابەتەن.
وەزارەتی بەرەڤانیی ڕووسیا بۆ چوونەدەرەوەی کەسانی سڤیل لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی ئاگربڕی پێنج کاژێرە لە ڕۆژدا، ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵاتیان بەسەر چوار کەرت دا دابەش کراوە کە لە هەر بەشێکی دا دوو بوارگەی مرۆڤی بۆ چوونە دەرەوەی کەسانی سڤیل لەم ناوچەیە ڕەچاو کراوە.
بەم حاڵەشەوە، حەمزە بەیرەقدار وتەبێژی یێکێک لە تاقمە تیرۆریستەکان لە ناوچەی غوتەی ڕۆژهەڵات ناسراو بە ( جەیشولئیسلام) بانگەشەی کرد: هیچ وتووێژێکیان لە بارەی چوونە دەرەوە لە غوتەی ڕۆژهەڵات لەگەڵدا نەکراوەو چەکداران و بنەماڵەکانیان لەم ناوچەیەدا دەمێننەوە.
تاقمە تیرۆریستەکان لە مانگێک لەمەوبەرەوە زۆربەی ناوچە مەدەنییەکانی دیمەشق و گردوپەڕەکەیان داوەتە بەر شاڵاوی موشەک و هاوەن کە لە ئەنجام دا ژمارەیەکی زۆری شارومەندانی سووری کوژراون و یان بریندار بوونە. سوپای سووریا بە دەست پێکردنی ئۆپراسیۆنێک بەتەمایە ئەم ناوچەیە بە تەواوی لەبوونی تیرۆریستان پاک کاتەوە.
هەواڵێکی دیکە ئەمەیە کە کەناڵی مەیادینی لوبنان ڕایگەیاندووە: تورکیا جارێکی تر ناوچەی شەڕان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری عەفرینی لە باکووری سووریا داوەتە بەر پەلامار.
لە شاڵاوەکەی ڕۆژی سێ شەممەی تورکیا بۆ سەر گوندەکانی (میرکان) و (کاخەرە) لە عەفرینیش لانیکەم کەسێکی سڤیلی سووری گیانی خۆی لە دەست دا.
شاڵاوی سەربازییانەی سوپای تورکیا و ھاوپەیمانە تیرۆریستەکانی دژی کوردانی شاری عەفرین لە باکووری سووریا لەژێر ناوی چڵەزەیتوون لە ڕۆژی شەممە بیستی ژانویەی ٢٠١٨ەوە دەستی پێکراوەو ئەمەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی سووریا وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ھێرشانە ڕایگەیاندووە: ئەو ھەنگاوەی تورکیا بەزاندنی دەستەڵات و سەروەریی نیشتیمانیی سووریا دێتە ئەژمار.