نیسان 12, 2018 13:27 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی کۆشکی سپی و کۆنگرێسی ئەمریکا بە تویتەکەی ترەمپ

تویتی نائاسایی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە ڕوسیا، کاردانەوەی جۆرەجۆری لە نێو کاربەدەستانی کۆشکی سپی و ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکادا هەبووە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کەناڵی سی ئن ئن؛ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە لە تویتێکی نائاساییدا وشداری دابوو بە ڕووسیا کە چاوەڕێی ھاوێژرانی مووشەکەکانی ئەمریکا بەرەو سووریا بێ.

"باب کرۆکەر" سناتۆری کۆماریخواز و سەرۆکی لێژنەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وشداری داوە کە ئەو شەڕەقسە و دەمەقڕانەی ترەمپ ئەگەری زۆرە قەیرانی ئێستا بکاتە مەسەلەیەکی ژیۆپۆلتیک. "جان کرۆنین" سناتۆری کۆماریخوازی دیکە لە ئەیالەتی تێگزاسەوە ئەو تویەتەی ترەمپی بە نائاسایی وەسف کردووە.

"کریس مۆرفی" سناتۆری دیموکرات لە ئەیالەتی "کانیکێت" وشداری دا پەلاماردانی سووریا نابێتە هۆی کۆتایی هاتنی شەڕ لەم وڵاتەداو ترەمپ دەبێ پێش هەر پەلامارێک ئیزن لە کۆنگرێس وەرگرێ و ئەو پەلامارە سەربازییە بێتوو بکرێتە سەر سووریا پەلامارێکی مۆڵەت پێدراوو یاسایی نییە.

کاربەدەستێکی کۆشکی سپیش کە نەیویست ناوی لەقاو بدرێ وتی: ئەو تویتانەی ترەمپ وەکوو ئەوەی وایە کە هەر کەسێک کە بەیانی لە خەوی هەڵدەستێ ،هەموو ئەو شتەی کە هەر ئەو ساتە دەگاتە مێشکی، خێرا جێبەجێی بکات."

قسەکانی شەڕخوزانەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پەلاماردانی سووریا لە کاتێکدایە کە ناوبراو ساڵی ٢٠١٣ لە جەنگەی قەیرانی سووریا لە تویتێکدا نووسیبووی کە بێتوو رێبەرانی گەمژە و نەزانی ئەمریکا پەلاماری سووریا بدەن ڕووداوی یەکجار خراپتر و نالەبارتر دەقەومێ.

سەرپەیڤ