حوزه‌یران 03, 2019 19:51 Asia/Tehran
  • وەڵامی ڕووسیا بە ڕەخنەی ترەمپ لە ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئیدلەبی سووریا

دەوڵەتی ڕووسیا، ڕەخنەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بارەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە ئیدلەبی سووریای ڕەت کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دمیتری پسکۆف وتەبێژی کۆشکی کرملینی سەرۆک کۆمارەتیی ڕووسیا ، ھەنگاوە سەربازییەکەی ڕووسیاو سووریای لە پارێزگای ئیدلەبی ئەو وڵاتە بە ڕەوا زانی و ڕەخنەی ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکای لەم بوارەدا ڕەت کردەوە.

دمیتری پسکۆف ئەمڕۆ دووشەممە لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێران لەم بارەیەوە پێی داگرت: تیرۆریستان لە ئیدلەبیان کردووە بە بنکەیەک بۆ وەڕێ خستنی شاڵاوی دژی ئامانجە سەربازی و ناسەربازییەکان کە دیارە ئەمەش جێگای قەبووڵ نییە.

داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ھێزە دەوڵەتییەکانی سووریاو ڕووسیال کرد بوو کە بوردومانی سەر ئیدلەب ڕابگرن.

داخوازیی ترەمپ ددوای ئەوە دێت کە کرملین لە بەیاننامەی ڕۆژی ھەینیی خۆی دا ڕایگەیاند: ڕووسیا داکۆکییەکانی لە ھەڵمەتی یەک مانگەی دەوڵەتی سووریا دژی تیرۆریستان لە ئیدلەب بەردەوام دەکات.

پارێزگای ئیدلەب، دوایین بنکەی تاقمی تیرۆریستی بەرەی نوسرە لە سووریایەو سوپای ئەم وڵاتەش بە ھاوکاریی ھێزی ئاسمانیی ڕووسیا لەم ناوچەیەدا بەرنگاری تیرۆریستان بووەتەوە.

دەوڵەتی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی وەک لایەنگرانی سەرەکیی تاقمە تیرۆریستەکان، بەتەواوی پەرۆشی شکست ھێنانی یەکجاریی تیرۆریستانن لە سووریادا.

ڕووسیا لە سپتامبەری ساڵی دووهەزارو پانزەوە بە پێی داخوازیی دەوڵەتی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری سووریا هەڵمەتی ئاسمانیی لەم وڵاتەدا دەست پێ کردووە.

قەیرانی سووریا لە ساڵی دووهەزاو یازدەوە لە ئەنجامی هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆڕیستیانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیانەوە لەوانە تورکیا لایەنگرییان لێ دەکرێت بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە و بە مەبەستی گۆڕینی هاوسەنگیی ناوچەکە بە قازانجی ڕژێمی زایونی دەستی پێ کراوە. سوپای سووریا لەم دواییانەدا بە یارمەتیی موستەشاریانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگریی ڕووسیا توانیویەتی دۆسیەی تاقمی تیرۆریستی داعش لە وڵاتەکەی دا داخات و تاقمە تیرۆریستییەکانی دیکەش خەریکی شکست ھێنانی یەکجارین و ئەمەش ھەمان بابەتە کە لە ئێستادا ڕژێمی داگیرکەری ئیسرائیل و لایەنگرە ڕۆژئاواییەکانی لەوانە ئەمریکای  پەرۆش و نیگەران کردووە.

 

سەرپەیڤ