ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین : لەشکریانی تورکیا تازەلاوێکی ١٦ ساڵانیان کوشت کە لەترسی شەڕ بە تەمای پەڕینەوە بۆ خاکی تورکیا بوو
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاندووە:تازەلاوێکی شانزەساڵانی خەڵکی سووریا کە لە ترسی شەڕو خوێنڕشتن بەتەما بوو خاکی وڵاتەکەی بەجێ بێڵێ و ڕوو لە تورکیا بکات، لە لایەن لەشکریانی تورکیاوە درایە بەر تفەنگ کوژرا.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە،ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لە بەیاننامەیەک دا، کە لە پەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، لەسەرەتای سەرهەڵدانی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریا لەساڵی ٢٠١١ ، ھەتائێستا زیاتر لە ٤٦٤ هاووڵاتی مەدەنی سووری لەسەر دەستی پاسەوانی سنووریی تورکیا کوژراون.
لەبەشێکی تری بڵاوکراوەکەی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، کە تاقمە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، لەمانگی تەمموزدا ٧٨ کەسی مەدەنیان لەعفرین ڕفاندووە، کە چواریان ئافرەت بوون، هەروەک ١٢ کەسی مەدەنی، کە دوویان ئافرەت بوون لەسەر دەستی گرووپە چەکدارییەکانی سەر بە تورکیا تووشی ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراون.
ئەمەو لە لایەکی دیکەوە لە ئێستادا چەندین ڕێکخراوی بواری مافی رۆڤ و دەزگای راگەیاندن باسی ئەوەیان کردووە کە، لەوکاتەوەی لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨ عەفرین داگیر کراوە، گرووپە چەکدارییە توندرەوەکانی سەر بە تورکیا بەشێوەیەکی بەردەوام تاوان و پێشێلکارییان دەرحەق بە خەڵکی ناوچەکە ئەنجامداوە، کە هەندێکیان دەگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و لەگرنگترینیان پاکتاوی ڕەگەزی و رفاندن و کوشتن و دەستدرێژی و تاڵانی بردنی ماڵ و موڵکی خەڵکە.