ئه‌یلوول 08, 2020 14:12 Asia/Tehran
  • وەلید موعەللیم: داھاتووی پەیوەندیی سیاسی و ئابووریی ڕووسیاو سووریا گەلێک جێگای ھیوایە

وەزیری دەرەوەی سووریا، داھاتووی سیاسی و ئابووریی دیمەشق و مۆسکۆ گەلێک جێگای ھیوایە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فارس، «وەلید موعەللیم» وەزیری دەرەوەی سووریا ڕۆژی دووشەممە دوای دیدار لەگەڵ «سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە دیمەشق، لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا وتی: وتووێژە دوو قۆڵییەکانمان لە بارەی بابەتگەلی جۆربەجۆری سیاسی و ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکە بوو، بەم پێیە داھاتووی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕووسیا لە بواری ئابووری و سیاسەت گەلێک جێگای ھیوایە.

موعەللیم ھەروەھا وێڕای ئاماژە کردن بە دیداری شاندەکانی ڕووسیا لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا وتیشی: ئەو دیدارانە گەلێک کاراو بەکەڵک بوون.

وەزیری دەرەوەی سووریا لە بارەی ڕەوتی چارەسەریی سیاسیی قەیرانی ئەم وڵاتەش وتی: ھەر چەشنە ڕێک کەوتنێک کە بە پێچەوانەی یاسای بنەڕەتی بێت، پەسەندی دیمەشق نایێت.

«سێرگێئی لاڤرۆف» وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش لەم پرێس کۆنفرانسە ھاوبەشەدا پێی داگرت: سەردانی شاندی ڕووسیا بۆ سووریا ئاسۆی ھاوکارییەکانی بۆ گەشە پێدانی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بە سەرنجدانی گۆڕانکارییە تازەکانی ناوچەکە بەربڵاوتر کردووە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتیشی: دیمەشق بە داکۆکیی مۆسکۆ بە سەر تیرۆریزمی دەرەوەیی دا کە بە نیازی لەنێو بردنی سووریا بوو، سەرکەوت و ڕووسیا ھێشتاش لە ھەڵمەتی ڕاماڵینی تیرۆریستان لە سووریا پشتیوانی دەکات.

لاڤرۆف ھەروەھا لە سەر پابەند بوونی ڕووسیا بە سەروەری و دەستەڵات و ڕێزگرتن لە مافی چارەی خۆنووسینی سوورییەکان لە لایەن خۆیانەوە پێی داگرت و وتیشی: ڕووسیا لە سەر ھەوڵەکانی بۆ بەرەڤانی کردن لە دەستەڵات و سەروەری و سەربەخۆیی سووریا وەکو وڵاتێکی دەستەبەرکاری ڕەوتی ئاستانە بەردەوام دەبێت.

سەرپەیڤ