تشرینی یه‌که‌م 06, 2020 13:29 Asia/Tehran
  • سووریا: ڕۆژئاوا تاوانکاریی تیرۆریستان دەشارێتەوە

نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ھەمبەر سووریا، وتی: ئەوانە لە بەرامبەر دیمەشق دا ھەڵوێستێکی دوژمنکارانەیان لەبەر گرتووەو تاوانکاریی تیرۆریستان و کەڵک وەرگرتنیان لە چەکی کیمیایی دژی خەڵکی سڤیل دەشارنەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سوریا «سانا»، «بەشار جەعفەری» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بە دەربڕینی ئەمەی کە سووریا بەڵێنمەندیەکانی خۆی بەجێ ھێناوەو لە ساڵی ٢٠١٤ پاشەکەوتە کیمیاییەکانی لە نێوبردووە، پێی لە سەر ئەوە داگرتەوە کە، دیمەشق گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە نە لە ڕابردوودا چەکی کیمیایی بەکار ھێناوەو نە لە داھاتووش دا کاری وا دەکات.

«جەعفەری» وتیشی : ھاوکاریی سووریا لەگەڵ ڕێکخراوەی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی کیمیایی بە بەردەوام کرانی ھەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەمەڕ پەسەند کردنی میکانیزمێکی نایاسایی دژی دەوڵەتی دیمەشق کە دیارە بە پێچەوانەی یاساو بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی ڕێکخراوەی قەدەغەی پەرە پێ دانی چەک و چۆڵی کیمیاییشە، بەرەوڕوو بووەتەوە.

«بەشار جەعفەری» وتیشی: دەوڵەتی ئەمریکا بەرنووسی بڕیارنامەیەکی ئاراستە کردووە کە ئامانجەکەی پەرە پێ دانی زیاتری درۆودەلەسەو تەوژم ھێنان بۆ دەوڵەتی دیمەشقە. ئەمەش وا دەردەخات کە ھێندێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دوانگەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و ئەنجومەنی ئاسایشت بۆ بەرنامەی پاوانخوازانەو دوژمنکارانەی خۆیان دەقۆزنەوە.

نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: ئەمریکا تەنیا وڵاتێکە لە ڕێککەوتننامەی چەکە کیمیاییەکان کە ھێشتاش دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی دووھەم جیھانی پاشەکەوتی فراوانی چەکە کیمیاییەکانی خۆی ڕاگرتووەو خۆی لە قەرەی لەنێوبردنیان نادات.

بەشار جەغفەری جارێکی تر ڕەخنەی لە ھەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت و وتی، ھێندێک لە نوێنەرانی ئەم وڵاتانە گوێی خۆیان لە بیستنی ڕاستییە زانستییەکان کپ کردووەو ھەوڵ دەدەن ھەڵوێستێکی دوژمنکارانە دژی دەوڵەتی دیمەشق بگرن و تاوانکاریی تاقمە تیرۆریستییەکان لە سووریاو کەڵک وەرگرتنیان لە چەکی کیمیایی و گازی ژاراوی دژی خەڵکی سڤیل بشارنەوە.

«بەشار جەعفەری» نوێنەری ھەمیشەیی سووریا لە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سکرتێری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیەش کرد کە ئەو پێشێلکارییانەی وا لە ئێستادا لە ڕێکخراوەکەدا دەکرێت چارەسەر بکات و ھەوڵیش بدات ھەتا لە باتی ملکەچ بوون لە بەرامبەر گوشاری وڵاتانی ڕۆژئاواو ڕاپەڕاندنی بەرنامەکانیان کە بە نیازن بابەتی خۆیان وتەنی «دۆسیەی کیمیایی سووریا» وەک گوشارێک بۆ سەر سووریاو ھاوپەیمانەکانی بەکار بێنن، کەم وکوڕی و نوقسانییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە چارەسەر بکات.

 

سەرپەیڤ