تشرینی دووه‌م 20, 2020 16:05 Asia/Tehran
  • ڕێککەوتنی نێوان سووریاو عێراق بۆ پەرە پێ دانی ھاوکاریی گواستنەوە لە بواری ڕێگای ئاسنەوە

ڕێکخراوەی ھێڵی ئاسنی سووڕیاو کۆمپانیای ڕێگای ئاسنی عێراق ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕێککەوتنێکی ھاوکاریی ھاوبەشیان واژۆ کرد.

«نەجیب فارس» بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی ھێڵی ئاسنی سووریا دوای گرێدرانی ئەم ڕێککەوتننامەیە لەگەڵ «تالیب جەواد کازم» ھاوتا عێراقییەکەی لە دیمەشق بە ھەواڵدەریی سانای سووریای وت کە ئەم ڕێککەوتنە بە مەبەستی پەرە پێ دان، گۆڕینەوەی توێژینەوە، ڕاھێنانی کادێری ھونەری، گەشتی زانستی، بەرپاکرانی کۆنفرانس و گواستنەوەی تەکنۆلۆژیا لە بواری ڕێگای ئاسن و بە پێی یاساوڕێسای نێونەتەوەیی ئەنجامی گرتووە.

فارس وتیشی: ئەم ڕێککەوتنە ھەروەھا داگری ڕێگاگەلێکە بۆ پەرە پێ دانی بەرھەمھێنان، کەم کردنەوەی خەرج و بەرج، زیادکردنی سەرمایەنانەوە لە بەشەکانی گواستنەوە لە ڕێگای ھێڵی ئاسنەوە، پەرە پێ دانی گەشەی ئابووری بە مەبەستی پێکھێنانی کەشێکی لەبار بۆ چالاک کردنی بازرگانی لە نێوان دوو وڵاتی دۆست و برا.

دوای واژۆکرانی ئەم ڕێککەوتننامەیە «زەھیر خەزیم» وەزیری گواستنەوەی سووریا لەگەڵ شاندی وەزارەتی گواستنەوە دیداری کردو ھەردووک لا ڕێگاکانی چالاک کردنی ھاوکاریی ھاوبەش و ھەروەھا بەرنگار بوونەوەی بایکۆتە ئابوورییەکانی سەر دوو وڵاتیان لێک دایەوە. 

سەرپەیڤ