کانونی یه‌که‌م 26, 2020 12:10 Asia/Tehran
  • کەوتنی عەین عیسا دۆخی کۆبانی و مەنبج دەخاتە مەترسییەوە

ئەندامێکی دەستەی سەرکردایەتیی پە یە دە ڕایگەیاند: تورکیا بەنیازە عەین عیسا کە ناوەندی ستراتێژیکی ناوچە کوردنشینەکانی سووریایە داگیر بکات

بێریڤان حەسەن» ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) و هاوکات هاوسەرۆکی ئەم حیزبە لە ناوچەی فورات لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە هێرشەکانی ئەمدوایەی تورکیا بۆسەر عەین عیسا و وتی: هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی سەربەو وڵاتە دژ بە عەین عیسا درێژەی هەیە و هەڕەشە لە گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە جگە لە خەڵکی عەین عیسا ئاوارەکانی ناوچەی گرێ سپی و سەرێ کانی-ش لە عەین عیسادا دەژین.

ناوبراو گوتی: تورکیا پێبەندی ئاگربەستەکان نەبووە و پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکان هەنگاو هەڵدەگرێت و بە هێرش کردنە سەر عەین عیسا و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هەڕەشە لە گیانی خەڵکی مەدەنی دەکات.

ئەندامی دەستەی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەبارەی بێدەنگیی ڕووسیا و حکوومەتی سووریا وتی: ڕووسیا و حکوومەتی سووریا بەرپرسیارێتیی خۆیان لەبارەی عەین عیسا جێبەجێ ناکەن و ئەمەش دەریدەخات هێرشەکانی تورکیا بە ڕەزامەندیی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو ئاشکرای کرد عەین عیسا وەکوو ناوەندی ستراتێژیکی ناوچە کوردنشینەکانی سووریا کە حەوت ناوچەی ئیدارەی خۆسەر پێکەوە دەلکێنێت و پێگەیێکی ژێئۆپۆلۆتیکی تایبەتی هەیە و تورکیا بەنیازی داگیر کردنیەتی و پاش ڕووخانی ئەم ناوچەیە دۆخی کۆبانی و مەنبج-یش دەکەوێتە مەترسیەوە.

بێریڤان حەسەن داوای لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکان  کرد ڕێگا بە دەستدرێژیی تورکیا نەدەن.

 

سەرپەیڤ