تورکیا درێژە ئەدا بە بۆردومانی عەین عیسا
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بۆردومانی سوپای تورکیا بۆ سەر عەین عیسا بەردەوامە و دوێنێ لە بۆردومانێکدا دو هاوڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵە، هاوکات هۆشداریش دەدات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان شەڕڤانانی هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشی موشەکیی سوپای تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی عەین عیسا لە باکوری رۆژهەڵاتی رەققە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دوو هاوڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بۆردومانەکەی سوپای تورکیا بە چڕی بەڕێوەچوە و لە ئێستاشدا پێکدادان لە نێوان گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئارادایە، ئەوەش بەهۆی هەوڵی گروپە چەکدارەکان بۆ پێشڕەویکردن لە ناوچەی پێکدادانەکە لەسەر رێگای M4 بۆ گوندەکانی حوشان و خالیدیە.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکردوە، دوێنێ چاودێری گەڕانەوەی ڕێگای نێودەوڵەتی حەسەکە - حەلەبی کردوە بۆ ئاگاداربوون لەرەوشی هاوڵاتیان کاتێک لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەکەن، کە کاروانی مەدەنی و بازرگانی لە عەین عیسای باکوری ڕەققەوە بەرەو تەل تەمر لە دەشتی حەسەکە تێپەڕێنرا، کە باس لەوە دەکرێت لە سەرەتای هەڵکشانی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوەوە ئەو رێگایە داخراوە و بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە 20ی کانونی یەکەمی ڕابردوو کراوەتەوە.