چاودێرێکی کوردی سوریا : وەزیری بەرگریی تورکیا بە دەستی بەتاڵ لە هەولێر و بەغدا گەڕایەوە
لێکۆڵەرێکی کوردی سووریا لە بواری سیاسەت و فەلسەفە، دەڵێت: وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەوەی کە بەبێ هیچ دەسکەوتێک لە بەغداوە نەگەڕێتەوە، سەردانی هەولێری کرد و سەردانەکەی بۆ ناوچەکە درێژ کردەوە.
«ساڵح نەسعان» لێکۆڵەرێکی کوردی سووریا لە بواری سیاسەت و فەلسەفە لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانشی دەنگوباس و شرۆڤەی کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە سەردانی ئەمدواییەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر و کاریگەریی ئەو سەردانە لەسەر دۆخی کورد لە عێراق و سووریا و وتی: لەم بابەتەدا چوار هێزی کاریگەر ڕۆڵ دەگێڕن کە بریتین لە ئەمریکا، تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان کە هەریەکە و ڕێکارێکی جیاوازیان هەمبەر بابەتی ئەمنیەتی ناوچەکە هەیە.
ناوبراو گوتیشی: ئاشکرایە کە ئەمریکا پاش هاتنی بایدەن هەڵویستی جیاوازی دەبێت و تورکیا وەکوو سەردەمی ترەمپ ناتوانێت دەست بۆ داگیرکاری ببات.
ناوبراو وتیشی: ئەردۆغان چ لەناو تورکیا و چ لە دەروەی وڵات دۆخێکی باشی نییە و وەکوو ڕابردوو دەیەوێت پرسە دەرەکییەکان بکاتە سەرپۆشێک بۆ بابەتە ناوخۆییەکان.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەئاوڕدانەوە لە دۆخی سیاسی عێراق و چەند بەرەکیی هێز لە بەغدا، تورکیا لە بەغدا بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە و بەڵێنێک بە ئەنقەرە نەدرا.
ساڵح نەسعان وەبیری هێنایەوە: شاندی تورکیا و وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ ئەوەی کە بەبێ هیچ دەسکەوتێک لە بەغداوە نەگەڕێتەوە، سەردانی هەولێری کرد و سەردانەکەی بۆ ناوچەکە درێژ کردەوە.
ئەو سیاسەتوانە کوردە وتیشی: شاندی تورکیا لە هەولێریش هیچ دەسکەوتێکی نەبوو و بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە.