«بەشار ئەسەد» لە پەیامێکدا بۆ سەنعا لە سەر قوڵ کردنەوەی پەیوەندییەکانی سووریاو یەمەن پێی داگرت
سەرۆک کۆماری سووریا لە پەیامێکدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن لە سەر ھاواھەنگیی نێوان ھەردووک وڵات و ھێزمەند کردنی پەیوەندییەکانیان پێی داگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی مەسیرە، «بەشار ئەسەد» سەرۆک کۆماری سووریا ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە پەیامێکی سوپاسی ئاراستەی «مەھدی مەشات» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن کرد.
«بەشار ئەسەد» لەم پەیامەدا وێڕای ئاواتی ئاشتی و سەقام و پێشکەوتنی زیاتر خواستن بۆ گەلی یەمەن، لە ھەڵوێستەکانی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لەمەڕ داکۆکی لە گەلی سووریاو خواستی ئازادو بڕیاری سەربەخۆی ڕێزی گرت.
سەرۆک کۆماری سووریا ھەروەھا ڕاشیگەیاند: دیمەشقیش لەگەڵ خواستی یەمەندا بۆ بەردەوام کردنی ڕاوێژو ھاواھەنگی لە نێوان ھەردووک لاو ھێزمەند کردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان بە قازانجی ھەردووک نەتەوەی برا ھاوڕایە.
ئەم پەیامەی بەشار ئەسەد لە وەڵامی پەیامی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن بە بۆنەی سەرکەوتنی بەشارئەسەد سەرۆک کۆماری سووریا لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە ئاراستەکراوە.
«مەھدی مەشات» سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی یەمەن ٢٨ی مانگی مای لە پەیامێکدا سەرکەوتنی بەشار ئەسەد لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری سووریا پیرۆز کرد بوو.