تاقمی تیرۆریستیی «جنودۆششام» لە سووریا خۆی ھەڵوەشاندەوە
تاقمی تیرۆریستیی «جنودۆششام» کە لە گردوپەڕی باکووری ڕۆژھەڵاتی لازقیە چالاکی دەنوێنێ خۆی ھەڵوەشاندەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی مەیادین، ئەم تاقمە کە لە لایەن «موسلیم چیچانی»یەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت و لە گردوپەڕی لازقییە چالاکی دەنوێنێ، لەژێر گوشاری «ھەیئەتی تەحریرۆششام» دا خۆی ھەڵوەشاندووەتەوەو لە ناوچە سەربازییەکانی لە دەڤەری باکووری لازقییە کشاوەتەوە.
«ھەیئەتی تەحریرۆششام»بەمەبەستی وەرگرتنی ئەوشوێنانەی «جنودۆششام» لێیان کشاوەتەوە کەرەستەو تفاقی سەربازیی ڕەوانە کردووە.
«چیچانی» چەند ڕۆژ بەرلە ئێستا باسی وردیاتی دیداری خۆی لەگەڵ بەرپرسێکی ئاسایشتیی «ھەیئەتی تەحریرۆششام»ی کرد بووف ھەروەھا ئەوەشی وتبوو کە بە خۆی و تاقمەکەیەوە بانگێشتنی ئەفغانستان کراون.
ناوبراو دوای ڕاگەیاندنی ئەم وردیاتە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جەختی لەوە کردبووەوە کە، بەرپرسی دەزگای ئاسایشتی گشتیی «ھەیئەتی تەحریرۆششام» پێی وتووە کە دەستەڵاتی ڕاستەقینە لە باکووری سووریا لە دەستی ئەم تاقمەدایە، بە جۆرێک کە ناھێڵێ ھێزێکی سەربازیی دیکە لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی دا پێک بێت مەگەر ئەوەی کە لەژێر بەیداخس «ھەیئەتی تەحریرۆششام» دا بێت.