ژمارەیەک ژن و منداڵی داعشی نیشتەجێی کەمپی هۆل رادەستی بەلژیک کران
ئیدارەی کوردانی سوریا بڵاویکردەوە کە ژمارەیەک ژن و منداڵی نیشتەجێی کەمپی هۆل کەبەرەگەز بەلژیکی بوون رادەستی شاندی ئەو وڵاتە کراونەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئیدارەی کوردانی سوریا لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی چەندین دۆسیە و بابەتی جیاوازەوە کراوە لەوانەش پرۆسەی سیاسی و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی بەکراوەیی هێشتنەوەی دەروازەی سنوریی باب ئەلهەوا بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و بەردەوامبونی تورکیا لە بڕینی ئاوی شاری حەسەکە.
هەروەها داوایان لەشاندەکە کردوە رێگەچارەیەکی دیکە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی کوردستانی سوریا و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بگرنەبەر.
لای خۆیەوە دی موینک، بەرپرسی دۆسیەی سوریا لە وەزارەتی دەرەوەی بەلژیک باسی لەوەکردوە، بەلژیکا رۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز دەنرخێنێت لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و دوپاتیکردوەتەوە کە زۆر نیگەرانن لە دۆخی کەمپەکان، بەتایبەتی لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کار دەکەن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و ڤاکسینەکان بەزوترین کات بۆ کەمپەکان، هەروەها کار دەکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی دورخستنەوەی منداڵان لە "فکری توندڕەوی".
لە کۆتایی سەردانەکەدا، ژمارەیەک ژن و منداڵی کەسوکاری چەکدارانی پێشوی داعشی بە رەچەڵەک بەلژیکی رادەستی شاندە کراون و یاداشتنامەیەکی هاوبەشیش واژۆکراوە.