سێھەمین نەوتبەری سووتەمەنیی ئێران بۆ ڕادەست کردن بە لوبنان گەییشتە بەندەری «بانیاس»ی سووریا
سەرچاوە میدیاییەکان باسی گەییشتنی سێھەمین نەوتبەری سووتەمەنیی ئێران بە بەندەری «بانیاس»ی سووریایان کردووە بە مەبەستی گەیاندنی بە لوبنان.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژی چوارشەممەی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بڕیار وایە سووتەمەنیی ئەم نەوتبەرە بە ھۆی چەند کاروانەوە لە سووریاوە بگاتە لوبنان.
پێشتریش، دوو نەوتبەری دیکەی ھەڵگری سوونەمەنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران گەییشتبوونە بەندەری «بانیاسی»ی سووریا و سووتەمەنییەکانیان لە قەواخی چەندین کارواندا ڕەوانەی لوبنان کرا بوو.
«شێخ نەعیم قاسم» یاریدەری سکرتێری گشتیی حیزبوڵڵڵای لوبنان لە وتەگەلێکدا ڕایگەیاندووە: ھاوردەی سووتەمەنی لە ئێرانەوە گرینگترین بایکۆتی لوبنانی بە درێژایی مێژوو شکاند.
لوبنان لە ئەنجامی بایکۆتەکانی ئەمریکا لە ساڵ و نیوێک لەمەوپێشەوە بەرەوڕووی ھەل و مەرجێکی نالەباری ئابوورییە بە تایبەت لە ڕووی کەم بوونی سووتەمەنییەوە.