ڕەوانەکرانی کەرەستە و تفاقی سوپای سووریا بۆ پارێزگای «ڕەققە»
سەرچاوە میدیاییەکان باسی ڕەوانەکرانی کاروانی سەربازیی سوپای سووریایان کردووە بەرەو پارێزگای «ڕەققە» لە نزیکی ئەو ناوچانەی وا لە لایەن لەشکریانی تورکیاو تیرۆریستانی ھاوپەیمانیەوە داگیرکراوە.
بە پێی نووسینی ڕۆژی ھەینیی ڕۆژنامەی «ئەلئیمارات ئەلیەوم» کاروانی سەربازیی سووریا داگری دەیان ترۆمبیلی سەربازی و پاس بە پەڕینەوە لە بوارگەی «تەبەقە» گەییشتوونەتە پارێزگای ڕەققە لە باکووری ئەم وڵاتە.
سوپای سووریا لە ئێستادا لە لەشکری ٩٣ی ناوچەی «عەین عیسا» ھەڵکەوتوو لە باکووری ڕەققەو چەند ناوچە لە سەر ڕێگای نێونەتەوەیی «حەلەب_قامیشلی» جێگیرە.
ناوەندی ناسراو بە «ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ»یش لەم دواییەدا باسی ئەوەی کرد بوو کە کۆپتەرەکانی ڕووسیا گەییشتوونەتە فڕگەی «تەبەقە». ڕەوانەکرانی کەرەستەو تفاقی سەربازیی سوپا بۆ باکووری سووریا لە کاتێکدایە کە سەرکردەیەکی تاقمی تیرۆریستیی «جەیشولوەتەن»ی سەربە تورکیا لەم دوایەدا ڕایگەیاند بوو کە تیرۆریستانی ژێر فەرمانی خۆیان بۆ ئەنجام دانی ھێرشێکی سەربازی بۆ سەر باکووری ڕەققە ئامادە دەکەن.