کانونی دوھەم 26, 2022 17:25 Asia/Tehran
  • هەسەدە 23 کارمەندی دیل لە زیندانی غوێران لە دەستی داعش رزگار دەکات

هەسەدە رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو گرتووخانەی غوێران، 23 کارمەندی دیلیان لە دەستی چەکدارانی داعش رزگارکردووە.

 لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە 26-1-2022 بڵاوکراوەتەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایدەگەیێنن: دوێنێ سێشەممە، 23 کارمەند کە لەلایەن داعشەوە وەکوو دیل دەستگیرکرابوون، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو گرتووخانەی غوێران رزگار کران.

 لە دوای هێرشی چەکدارانی داعشەوە کە 20-1-2022 کردیانە سەر گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە، بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە تاوەکوو ئێستا 175 چەکداری داعش کوژران، 27 شەڕڤانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کوردستانی سووریا گیانیان لەدەست داوە؛ 500 چەکداری داعش خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە و زیاتر لە 300 چەکداریش لەنێو گرتووخانەکەدا ماون.

 گرتووخانەی غوێران گەورەترین گرتووخانەی کوردستانی سووریایە و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە.

بە پێی ھەندێ ھەواڵ ، تاوەکوو ئەمڕۆ گرتووخانەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ نەکراوەتەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئاسایشی نێوخۆی کوردستان و هاوپەیمانان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆن بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی گرتووخانەکە.

سەرپەیڤ