هەسەدە : هیچ هێزێکی کوردی لە شەڕی ئۆکراین بەشدار نەبووە
هەسەدە، پڕۆپاگەندەی مێدیاکانی تورکیا سەبارەت بە ناردنی هێزی کوردی بۆ کرانیا بە مەبەستی شەڕ دژی ڕووسیای، وەدرۆ خستەوە.
هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک ڕایگەیاند بە پێچەوانەی بانگەشەی مێدیاکانی لایەنگری حکومەتی تورکیا، ئەندامانی ئەو گرووپە بۆ بەشداری لە شەڕی ئۆکراین و ڕووسیا نەنێردراون.
ناوەندی مێدیایی هەسەدە لە بەیاننامەیەک دا ئەو هەواڵەی وەدرۆ خستەوە و ڕایگەیاند: مێدیاکانی ڕژێمی داگیرکەری تورکیا بە بڵاو کردنەوەی هەواڵی درۆ و بێ بنەما پڕۆپاگەندەیان کردووە هێزەکانی ئێمە لە شەڕی ئۆکراین دا بەشداریان کردووە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: ئێمە پێداگریی دەکەین کە ئەو هەواڵە ناڕاستە و لە درێژەی ناوزڕاندنی هێزەکانی ئێمە بڵاو دەبێتەوە و هەسەدە هێزی نەتەوەیی سووریایە کە بۆ پارێزوانی لە ناوچەکە و خەڵکی جوگرافیای سووریا بەرامبەر تیرۆریزم و هێرشە داگیرکەرانەکان شەڕ دەکات.