ئادار 19, 2022 17:22 Asia/Tehran
  • ئاڵدار خەلیل: دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەست پێ بکەین

«ئاڵدار خەلیل» ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە له‌ ساڵیادی داگیرکردنی عه‌فریندا رایگەیاند: پێویستە هەمووان باوەڕ بەوە بکەن کە دیالۆگ بۆ سوریایەکی دیموکرات و ئاشتیخواز پێویستە، ھەر بۆیە دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەست پێ بکەین.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ئاژانسی ھەواڵدەریی فۆرات، «ئاڵدار خەلیل» ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی «پەیەدە» له‌ ساڵیادی داگیرکردنی عه‌فرین لە لایەن سوپای تورکیاو تیرۆریستانی ھاوپەیمانیەوە لە لێدوانێکدا رایگەیاند: بەداخەوە ئەوە بۆ چوار ساڵ دەڕوات کە عەفرین داگیرکراوە، عەفرین برینێکە کە هەمو رۆژێک لە رۆژەڤی ئێمەدایە، ئێمە لە ئێستادا بیر لە  رزگاکردنی عەفرین دەکەینەوە، کار دەکەین و خۆمان ڕێکدەخەین، دوژمن، عەفرین، سەرێکانی، گرێ سپی، ئیدلب، جەرابلوس، عەزاز و باب، هەروەها زۆر هەرێمی دیکەی سوریای داگیر کردوە، ئەگەر دەرفەتێک ببینن هەرێمی دیکەش داگیر دەکەن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، لەو ناوچە داگیرکراوانەدا ئامانجی  لەناوبردنی کورد و کەلتوری دیموکراتی پێ و شوێن گیردرا، ناوچە داگیرکراوەکان بۆ ڕاهێنانی چەتەکان و بڵاوکردنیان لە سەرتاسەری جیهاندا گۆڕدراوە، بارەگای ناوەندی دڕندەیی لە دەرەوەی مرۆڤایەتی لەم ناوچانەدا هەیە، سیاسەتی قڕکردن بۆ لەناوبردنی کەلتوری گەلەکەمان و گۆڕانی دیمۆگرافی و ناسنامە پەیڕەو دەکرێت.

ئەم ئەندامەی دەستەی هاوسەرۆکایەتیی «پەیەدە» جەختی لەوەش کردەوە کە، خەڵکی عەفرین بەرخۆدان دەکەن گەلەکەمان شارە داگیرکراوەکانی بەجێنەهێشت بۆ ئەوەی هەمیشە پشتیوانی لە تێکۆشانی ئازادی بکات.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو کە، چارەسەریی کێشەی کوردانی سووریا و دەوڵەتی نائوەندی دەبێت لە ڕێگەی کۆبونەوە و دیالۆگی نێوان ھەردووک لا بێت، هەرچەندە هەوڵ و کۆششی زۆر دراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جدی نەنراوە، ڕوسیا و ئۆکرانیا وێڕای شەڕکردن لەگەڵ یەکتردا کۆدەبنەوە،کەچی هیچ چاوپێکەوتنێک لەنێوان ئێمە و دیمەشقدا نییە.

«ئاڵدار خەلیل» ئەوەشی روون کرده‌وه‌ کە، پێویستە هەمووان باوەڕ بەوە بکەن کە دیالۆگ بۆ سوریایەکی دیموکرات و ئاشتیخواز پێویستە، دەمانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق دەستپێبکەین، چەندین جار بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیە پەیام و نامەمان بۆ دیمەشق ناردووە، بۆ ڕزگارکردنی سوریا لەو قەیرانە پێکەوە دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین و سوریایەکی دیموکراتی بنیات بنێین، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاوە نەنراوە، بەڵام هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ئەنجام بەدەست دەهێنین.

سەرپەیڤ