حوزه‌یران 10, 2022 15:53 Asia/Tehran
  • په‌رله‌مانتارێکی سوریا:کوردەکانی سووریا هه‌موو بژارده‌یەکیان به‌درێژایی مێژوو هه‌ڵه‌بووه‌، هیوادارین ئه‌مجاره‌ نه‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌

«عه‌ممار ئه‌سه‌د» ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی سوریا لە بارەی داخوازیی سەرکردە کوردەکانی سووزریا لە دەوڵەتی دیمەشق بۆ پشتیوانی کردنیان بە مەبەستی بەرنگاربوونەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا رایگه‌یاند: ئاساییە کورد په‌نا بۆ ده‌وڵه‌تی سوریا ببات،چونکو به‌شێکن له‌ ده‌وڵه‌تی سوریا، بەڵام هیوادارین ئه‌مجاره‌ نه‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی عێراق، «عه‌ممار ئه‌سه‌د» ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی سوریا رایگه‌یاندووە: ئێمه‌ به‌ تێڕوانینی دوژمنکارانه‌ی ڕژێمی تورکیا بۆ سه‌ر وڵاته‌ دراوسێکانی و ڕێبازی داگیرکاری و پشتیوانی له‌ تیرۆر و تێکدان و زه‌وتکردن بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ سیاسییه‌کانی ڕاھاتووین، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ داکۆکی کردن لە تیرۆریستان به‌تایبه‌ت بەرەی نوسره‌ و ده‌سته‌ی ته‌حریری شام و سوپای بە ناو نیشتیمانی دێنە ئەژمار.

وتیشی:لێدوانەکانی «ڕەجەب تەیب ئەردوغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ڕاستی دا دوژمنایه‌تییه‌ بۆ پشتیوانی له‌ تیرۆریستان بە مەبەستی داگیرکردنی وڵاتێکی دراوسێ و ئاواره‌کردنی هاوڵاتیان و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌که‌، بەڵام دیارە ئه‌م کاره‌ی «ئه‌ردوغان» ھێندەش ئاسان نییەو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی کاتدا داگیرکاریی تورکیا و ملیشیاکانی کۆتایی پێ دێت.

«عەممار ئەسەد» جەختی لەوەش کردەوە، سەرۆک کۆماری تورکیا ناتوانێت به‌و ئاواتەی بگات که‌ پلانی بۆ داناوه‌ و خه‌ونیه‌تی ئیمپڕاتۆریه‌ته‌که‌ی فراوان بکات، چونکه‌ هاوکێشه‌ی جیاواز هه‌یه‌، جه‌ماوه‌رو سوپای سوریا و حکومه‌تی سوریا یه‌کده‌نگ و یه‌کڕیزن، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و و ئاغاکانی پلانیان بۆ له‌ناوبردن و پارچه‌ پارچه‌کردنی ده‌وڵه‌تی سوریا دانابوو، ئێمه‌ هاوپه‌یمانیشمان هه‌یه‌ به‌تایبه‌ت دۆستی ڕاستەقینەی وەک  ڕوسیا و ئێران و هه‌موو خه‌ڵکی شه‌ره‌فمه‌ندی ئه‌م جیهانه‌ ئه‌مه‌ سه‌رکۆنه‌ ده‌که‌ن و قبوڵی ناکه‌ن.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد کە،«ئەردوغان» خەریکی بانگەوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی تورکیایه‌ و لێدوانه‌کانیشی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا دێن بۆئه‌وه‌ی زیاتر ناوبانگ به‌ده‌ستبهێنێت و ده‌نگ کۆبکاته‌وه‌.

«عه‌ممار ئه‌سه‌د» له‌باره‌ی لێدوانه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌ کورده‌کانی سووریاش که‌ داوایان له‌ حکومه‌تی سوریا کردووه‌ پشتیوانییان لێ بکات بۆ بەرنگاربوونه‌وه‌ی داگیرکاریی سوپای تورکیا، وتی: ئاساییە کورد په‌نا بۆ ده‌وڵه‌تی دیمەشق ببات، به‌و پێیه‌ی ئه‌وان به‌شێکن له‌ ده‌وڵه‌تی ئەم وڵاتە به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌نجام دانی گفتوگۆیه‌ک به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌رکردنی هه‌ر ناکۆکییه‌ک که‌ هه‌بێت، هه‌مو بژارده‌کانیشیان به‌درێژایی مێژو هه‌ڵه‌بووه‌ و هیوادارین ئه‌مجاره‌ش نه‌که‌ونه‌ هه‌ڵه‌وه‌.

سەرپەیڤ