حوزه‌یران 16, 2022 16:16 Asia/Tehran
  • دیداری شاندەکانی ئێران و سووریا لە کۆبوونەوەکەی ئاستانەو جەختی تاران و دیمەشق لە سەر ڕێزنان لە سەروەریی سووریا

نوێنەرانی ئێران و سووریا وێڕای تاوتوێ کردنی دوا گۆڕانکارییە مەیدانی و سیاسییەکانی ئەم وڵاتە، لە سەر ڕێزنان و مافی دەستەڵات و سەروەریی سەرزەوینی سووریا پێیان داگرت.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرپەرشتیی «عەلی ئەسغەر خاجی» ڕاوێژکاری باڵای وەزیری کاروباری دەرەوە بۆ کاروباری تایبەتیی سیاسیی ڕۆژی پێنج شەممە لە دووھەمین ڕۆژی بەرپاکرانی ھەژدەھەمین خولی کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکانی «ڕەوتی ئاستانە» لەگەڵ شاندەکەی سووریا بە سەرۆکایەتیی «ئەیمەن سوزان» یاریدەری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دیداری کردو سەبارەت بە دوا گۆڕانکارییەکانی سوریا بیروڕای گۆڕییەوە.

«خاجی» وێڕای پێداگرتن لە سەر ڕەت کردنەوەی ھەرچەشنە دەست درێژکارییەکی تورکیا لە سووریاو ڕێزنان لە سەروەریی خاک و یەکپارچەیی سووریا، جەختی کرد کە ئەم چەشنە ھەنگاوو ھەڕەشانە بەس دەبێتە ھۆی ئاڵۆزتربوونی ڕەوشتی ناوچەکە.

یاریدەری وەزیری دەرەوەی سووریاش وێڕای پێداگرتن لە سەر ھەڵوێستی لێبڕاوانەی دیمەشق لە مەڕ ئیدانەکردنی توندی ھەڵس و کەوتی ڕژێمی تورکیاو ڕەت کردنەوەی بیانووی ئانکارا بۆ ئەنجام دانی ئۆپراسیۆنی تازەو بەزاندنی سنووری سووریا ڕایگەیاند: ھەنگاوی سەربازیی تورکیا لەنێو خاکی سووریا پێشێل کردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکانەو بە تەواوی بە پێچەوانەی بۆچوون و دەرھاویشتەکانی ڕەوتی ئاستانەیە.

ھەژدەھەمین خولی کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکانی «ڕەوتی ئاستانە» سەبارەت بە سوریا ڕۆژی چوارشەممە لە شاری «نورسوڵتان»ی پێتەختی کازاخستان دەستی بەکار کرد.

سەرپەیڤ