گیان لە دەست دانی سەربازێکی سووری و بریندار بوونی دووکەسی دیکەو جێگۆڕکێی چەک و تفاقی ئەمریکا لە عێراقەوە بۆ دێرۆزووری سووریا
ناوەندی ئاشتەوایی ڕووسیا لە سووریا (حەمیمیم) هەواڵی کوژرانی سەربازێکی سووری و برینداربوونی دوو کەسی دیکەی لە هێرشی گرووپی تیرۆریستی "بەرەی نوسرە" لە پارێزگای ئیدلبی سووریا بڵاو کردەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی سپۆتنیک رۆژی چوارشەممە، "ئۆلێگ ئیگۆرۆڤ"، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سووریا، رایگەیاند: لە پارێزگای ئیدلب، لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی پێگەی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە شاری «کفر نەبەل»ی پارێزگای ئیدلب لەلایەن تیرۆریستانەوە سەربازێکی سووری گیانی لەدەستدا و دوو کەسی خەڵکی شارۆچکەی "کەنسەفرە"ش برینداربوون.
ئەمەو لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەکانی هەواڵ بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویانکردەوە، کاروانێک لە چەک و کەرەستە و پێداویستیی لۆجستیکیی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقەوەو لەڕێگەی دەروازەی نایاسایی "ئەلوەلید" لە ڕیفی ناوچەی قامیشلی چوونەتە ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا.
لەشکریانی ئەمریکی و چەکدارانی سەر بە ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە بە شێوەیەکی نایاسایی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ئامادەن و جگە لە تاڵانکردنی سامانی نەوت و گەنمی ئەو وڵاتە، دژی خەڵک و هێزەکانی سوریاش چالاکی ئەنجام دەدەن.