ئه‌یلوول 23, 2022 10:10 Asia/Tehran
  • چین: پێویستە ئەمریکا واز لە تاڵانکردنی سامانە نیشتمانییەکانی سووریا بهێنێت

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین داوای له‌ ئه‌مریکا کرد کۆتایی به‌ تاڵانکردنی سه‌رچاوه‌ نیشتمانیه‌کانی سووریا له‌وانه‌ نه‌وت بهێنێت و قه‌ره‌بووی زیانه‌کانیش بکاته‌وه‌.

راپۆرتەکەی وەزارەتی نەوتی سووریا لەم دواییانەدا ئەوەی دەرخست کە تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی ئەم وڵاتە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٨٠ هەزار و ٣٠٠ بەرمیل بووە، بەڵام هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا و گروپەکانی ژێر ڕکێفی رۆژانە ٦٦ هەزار بەرمیل لەم نەوتەیان دزیوە کە دەکاتە زیاتر لە ٨٠%ی کۆی بەرهەمی نەوتی سووریا.

بە وتەی بەرپرسانی سوریا، بڕی ئەو زیانانەی بەهۆی دزینی نەوتەوە بەم وڵاتە گەیشتووە، لە کۆتایی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ١٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیرنا، «وانگ وێنبین» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەم پێوەندییەدا وتویەتی: ئێستە ئەمریکییەکان لە جاران پڕکێش ترن و بە ھۆی ٨٠٠ تانکەرەوە نەوتی سووریا بۆ بنکە سەربازییەکانیان لە دەرەوەی ئەم وڵاتە دەگوازنەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین ئەوەشی خستەڕوو: دزینی نەوتی سوریا لەلایەن ئەمەریکاوە بارودۆخی نالەباری مرۆڤیی ئەم وڵاتەی خراپتر کردووە، هاوکات سوریا لە ئێستادا لەگەڵ ئەفغانستان و عێراق و لیبیا قوربانی سیاسەتەکانی ئەمریکایە.

«وانگ وێنبین» داوای له‌ ئه‌مریکا کرد رێز له‌ یه‌کپارچه‌یی خاک و سه‌روه‌ریی سووریا بگرێت و سزا تاک لایه‌نه‌کان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و کۆتایی به‌ تاڵانکردنی سه‌رچاوه‌ نیشتمانییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بهێنێت.

سەرپەیڤ