تشرینی یه‌که‌م 14, 2022 16:33 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی بەرنامەی تایبەتی ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری سەردار(ص) و ئیمامی سادق (ع) لە سوریا

بەرنامەی تایبەتی جەژن و ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ڕەحمەت و یەکڕیزی، حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) و ئیمامی سادق (ع) لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا بەڕێوە چوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا،خەڵک بە شێعەو سوننەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری سەردار حەزرەتی موحەممەدی موستەفا(ص) دەستیان کرد بە ڕازاندنەوەی شۆستەوشەقام و مزگەوت و بەتایبەت مەزارگە پیرۆزەکانی حەزرەتی زەینەب و حەزرەتی ڕوقیە(س)و ئاهەنگیان گێڕا.

بەرپاکرانی جەژنی لەدایک بوونی پێغەمبەر لە سووریا تەنیا بە موسڵمانانەوە بەرتەسک نابێتەوە، بەڵکو مەسیحییەکانی ئەم وڵاتەش لە شار و پارێزگا جیاجیاکان ئاهەنگی لەدایکبوونی پێغەمبەری دلۆڤانی دەگێڕن.

لە شاری حەلەب کە دووەم گەورەترین شاری سوریایە  لە گۆڕەپانی ئەلعەزیزیەی ئەم شارەش دا، خەڵکی سوریا لە شەوی لەدایکبوونی پێغەمبەر (ص) برایەتیی نێوان هەموو چینەکانی کۆمەڵگایان بە بیروباوەڕی جیاوازەوە نیشان دا.

هەروەها ئێرانییەکانی دانیشتوویاش لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە بە تایبەت لە مەزارگەکانی حەزرەتی زەینەب(س) و حەزرەتی ڕوقیە(س) و لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی ئیمام خومەینی (رە)یش ئامادە بوون و بەشداریی ئاھەنگەکانی جەژنی و شادییان کرد.

شەوی ھەینیش، ئاھەنگێکی گەورە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەلیی فەقیھ  لە وڵاتی سووریا، نوێنەری وەزیری وئەوقافی سووریا، باڵوێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا و کۆمەڵێک لە بەرپرسان و خەڵکی ئەم وڵاتەو ئێرانییەکانی نیشتەجێی سووریا بە جۆش و خرۆشێکی تایبەتەوە لە مەزارگەی حەزرەتی زەینەب(س) بەرپا کرا.

لەم ئاھەنگەدا «شێخ حیسامەددین فەرفور»، سەرۆکی ناوەندی زانستە ئیسلامییەکانی ئەلفەتح و نوێنەری وەزیری ئەوقاف لە سووریا سەبارەت بە گرینگیی یەکڕیزیی موسڵمانان و بەڕێوەچوونی حەوتەی یەکڕیزی کە لەلایەن ئیمام خومەینی (رە)ەوە بناغەکەی ڕۆنرا، قسەی کردو باسی  گرینگیی یەکڕیزی ئیسلامیی نێوان سوننە و شیعەی کرد، بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا کە دوژمنانی ئیسلام یەکڕیزی موسڵمانانیان کردۆتە ئامانج.

سەرپەیڤ