تشرینی دووه‌م 18, 2022 09:23 Asia/Tehran
  • «سێنتکام» هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە سوریای پشتڕاست کردەوە

سەرکردایەتیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) شەوی ھەینی ڕایگەیاند، هێزەکانی بەناو «هاوپەیمانیی دژە داعش» بە سەرۆکایەتیی واشێنگتۆن لە بنکەی گوندی «ئەلخەزرا» لە سوریا کوتوونەتە بەر پەلاماری موشەک.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا بە گێڕانەوە لە کەناڵی ئەلجەزیرە، سەرکردایەتیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بانگەشەی کردووە کە: ئەم هێرشانە هەڕەشە لە هێزەکانی هاوپەیمانان و خەڵکی سڤیل دەکەن و سەقامگیریی سووریا و ناوچەکەش دەخەنە مەترسییەوە.

ھەتا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەگەری زیانی گیانیی ئەم هێرشەی سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا بڵاو نەکراوەتەوە.

لە تازەترین ھەواڵیش دا باسی هێرشی موشەکی بۆ سەر لەشکریانی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی سوریا کراوە.

ئەم میدیایانە وایان بڵاو کردووەتەوە کە بنکەی داگیرکەرانی ئەمریکی لە ھەرێمی نەوتیی ئەلعومەر لە پارێزگای دێرەزوور بە هێرشی موشەک کراوەتە ئامانج.

سەرچاوە خۆجێییەکانی سوریا ڕایانگەیاندووە، لەم هێرشەدا بارەگای سەربازانی ئەمریکی لە گوندی «ئەلخەزرا» لە دێرەزوور کراونەتە ئامانج.

 سەرچاوە هەواڵدەرییەکان لە ماوەی ڕابردووش دا باسی هێرشی دووبارە بۆسەر لەشکریانی ئەمریکییان کرد لە ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕاشیانگەیاند کە ئەو هێرشانە لە ڕێگەی چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراون.

 

سەرپەیڤ