دیپلۆماتکارێکی باڵای سوریا: کشانەوەی لەشکریانی تورکیا یەکەم هەنگاوە بۆ دروستکردنی متمانە
دوا باڵوێزی سوریا لە تورکیا ڕایگەیاند: هیچ دوژمنایەتی و دۆستایەتییەکی هەمیشەیی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نییە، بەڵکو تەنیا تێکەڵاویی بەرژەوەندییەکان لە ئارادایە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی ئیرنا بە گێڕانەوە لە پێگەی هەواڵی «ئەسەرپرێس»ی سوریا،«نەزال قەبلان» دوایین باڵوێزی سوریا لە ئەنقەرە ھەتا بەرلە پچڕانی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە، لە وەڵامی لێدوانەکانی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پێشنیارەکەی بۆ «ڤلادیمێر پوتین»ی سەرۆک کۆماری ڕووسیا لە بارەی کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەگەڵ سووریا بۆ خێرا کردنەوەی ڕەوتی دامەزرانی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان دیمەشق و ئانکارا ، وتی: هەرچەندە بۆ یەکەمجارە ئەردۆغان هەنگاوی ڕوون لەئاراستەی ئاشتەوایی لەگەڵ سوریا دەنێت، بەڵام دیمەشق بە قسە حوکم نادات و چاوەڕێی کردەوەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات، لەوانە کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا و وەستاندنی پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستیەکان کە بنکەکانیان لە سووریایە.
دوا باڵوێزی سوریا لە تورکیا وتیشی: «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ یەکەمجار هەنگاوی ڕوونی بەرەو ئاشتەوایی لەگەڵ سوریا ناوە، بەڵام ئەمە بۆ دروستکردنی متمانە و سەلماندنی نیازپاکی نابێتە دەستپێک، بەڵکو دەبێ هێزەکانی لە خاکی سوریا بکشێنێتەوەو پشتگیری لە تیرۆریستان ڕابگرێت.
ڕاشیگەیاند: ھاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی لەشکریانی تورک لە خاکی سوریا و ڕاگرتنی داکۆکی لە گروپە تیرۆریستییەکان،پێویستە تورکیا دەستبەرداری کۆنترۆڵی ئیدلب و ڕێگای ستراتیژیی «M4»یش ببێت کە حەلەب بە کەناراوەکانی سوریا دەبەستێتەوە. هەروەها دەروازەی «بابولھەوا»ش بکاتەوە و بەستێن بۆ کرانەوەی ڕێڕەوێکی بازرگانیی سەلامەت لە نێوان هەردووک وڵاتیش خۆش کات.
«قەبلان»پێشتریش بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە داهاتووی نێوان هەردوو وڵات لە ڕوانگەی بناغە سیاسییەکانەوە سەیر بکرێت، ئاماژەی بەوەش دا کە: هیچ دوژمنایەتی و دۆستایەتییەکی هەمیشەیی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا نییە، بەڵکو تەنیا تێکەڵاویی بەرژەوەندییەکان لە ئارادایە.