بەشار ئەسەد کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بەستەوە بە کۆتایی ھێنان بە داگیرکارییەکانیان
سەرۆک کۆماری سووریا وتی: بۆ کاریگەر بوونی هەر دیدارێک لەگەڵ کاربەدەستانی تورکیا ، وا ھەڵدەگرێ کۆتایی بە داگیرکاری و پشتیوانی لە تیرۆریستان بھێنن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمی سوریا (سانا)، «بەشار ئەسەد»، سەرۆک کۆماری سوریا ڕۆژی پێنجشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ «ئەلێکساندەر لاڤرێنتینۆڤ»، نێردەی تایبەتی «ڤلادیمیر پوتین»، سەرۆک کۆماری ڕووسیا، پەیوەندییە ستراتیژییەکانی مۆسکۆو دیمەشق و میکانیزمەکانی بەرەوپێش بردنیان تاوتوێ کرد. لەم دیدارەدا پێداچوونەوە بە بارودۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتیش کرا.
بەشار ئەسەد وتیشی، شەڕی سیاسی و میدیایی لە ئێستادا توندترین شەڕە و ئەم بابەتە پێویستی بە ڕوونی و سەقامگیریی زیاترە لە هەڵوێستە سیاسییەکاندا، بۆیە سوریا پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکانی ڕوسیا لە دۆنباس دەکات.
سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە سووریا بەرهەمدار بن، دەبێت لەسەر بنەمای هەماهەنگی و پلانی پێشوەختە لە نێوان سوریا و ڕووسیادا بێت، ھەتا ئەو ئامانج و ئەنجامە دیاریکراوانە بپێکن کە سوریا لەو کۆبوونەوانەدا بە دوایدا دەگەڕێت. بۆیە پێویستە ئەم کۆبوونەوانە لەسەر بنەمای نیشتمانیی حکومەت و گەلی سوریاو ھاوتەریب لەگەڵ کۆتایی ھاتنی داگیرکاری و وازھێنان لە پشتیوانیکردنی تیرۆریستان بێت.
«لاڤرێنتینۆڤ» یش جەختی لەوە کردەوە کە ڕووسیا هەڵوێستە بنیاتنەرەکانی سوریا لە سەرەتای دەستپێکرانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ئۆکرانیا بەرز دەنرخێنێت و چەندین وڵات لە جیهاندا هەن کە باوەڕیان بە سەرکەوتنی ڕووسیا هەیە.
نوێنەری ڕووسیا بە ڕاگەیاندنی ئەمەی کە سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ تەریک خستنەوەی ڕووسیا و سوریا کەچی شکستیان ھێنا، وتیشی: دەبێ سوود لە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان وەربگیرێت.