شوبات 06, 2023 14:41 Asia/Tehran
  • جەختکردنەوەی سەرۆکی بەرازیل لەسەر پشتیوانی کردن لە سوریا

سەرۆکی بەرازیل جارێکی تر جەختی لە پاڵپشتی خۆی بۆ حکومەتی سوریا کردەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئیرنا، سەرۆکی بەرازیل، «لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا» سەرۆک کۆماری بەرازیل، شەوی یەکشەممەی ڕابردوو لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی «ڕانیا ئەلحاج عەلی» باڵیۆزی نوێی سوریا لە بەرازیل، جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی کردەوە لەمەڕ پاڵپشتیکردنی سوریا لە کۆڕوکۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان و ڕاشیگەیاند کە پشتیوانێکی هەمیشەیی گەڕانەوەی ئاشتی بۆ سوریایە.

«ڕانیا ئەلحاج عەلی»ش جەختی لە قوڵکردنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکانی نێوان سووریا و بەرازیل و پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەو هاوکارییەکانی نێوان دیمەشق و بەڕازیل کردەوە.

«لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا» پێشتریش پشتیوانیی خۆی بۆ دۆزی نەتەوەی فەلەستین ڕاگەیاندبوو.

سەرۆکی بەرازیل، لە دیدارێکدا لەگەڵ «ڕیاز مالیکی» وەزیری دەرەوەی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین و نێردەی تایبەتی «مەحمود عەباس» سەرۆکی پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، لە پەراوێزی ئاھەنگی سوێندخواردنی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی، جارێکی دیکە جەختی لە پابەندبوونی بەڵێنە بنەماییەکەی بەرازیل کردەوە بۆ پشتگیری کردن لە دۆزی نەتەوەی فەلەستین.

«لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا» وتیشی: بەڕازیل کار بۆ وەرگرتنەوەی ئازادی و سەربەخۆیی فەلەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەر لە سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧ دەکات.

سەرپەیڤ