شوبات 08, 2023 21:30 Asia/Tehran
  • فەیسەڵ میقداد: سزاکانی ئەمریکا ڕێگرن لە بەردەم فریاگوزاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە

«فەیسەڵ میقداد» وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند: سزاکانی ئەمریکا بەربەستێکی گەورەن لەبەردەم یارمەتییە فریاگوزارییەکان، چونکە ئەو سزایانە ڕێگری لە هاوردەکردنی دەرمان بۆ سوریا دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا،وەزیری دەرەوەی سوریا شەوی چوارشەممە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەناڵی مەیادین  سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر گەلی سوریا ئیدانە کرد و وتیشی: حکومەتی سوریا ئامادەیە ھەڵی وەرگرتنی هاوکاری بۆ هەموو ناوچەکان دابین بکات، بەمەرجێک کە ئەو هاوکارییانە نەگەنە دەستی تیرۆریستان.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، «بەسام سەباغ» نوێنەری سووریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ئەم ڕێکخراوەیە، «ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش» سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی باکووری وڵات و دۆخی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە کۆبووەوە و قسەی کرد.

لەم دیدارەدا نوێنەری سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا کرد کە تێیدا داوا لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتاریەتی ئەم ڕێکخراوەیەو کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی دیکەش کراوە کە پشتگیری لە سوریا و حکومەتەکەی بکەن بۆ چارەسەریی کارەساتی مرۆڤیی سەرچاوەگرتوو لە ڕوودانی بوومەلەرزە.

 

سەرپەیڤ