کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانە عەرەبییەکان لەگەڵ سەرۆکی سوریا
سەرۆکی پەرلەمانە عەرەبییەکان کە ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی دەگمەن دا لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو گەییشتنە دیمەشق، لەگەڵ سەرۆک کۆماری سووریا کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵدەریی فەرمیی سوریا (سانا)، نووسینگەی سەرۆکایەتیی سوریا ئێوارەی ئەمڕۆ (یەکشەممە) ڕایگەیاند، سەرۆک پەرلەمانەکانی عێراق، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ئوردن، فەلەستین، لیبیا، میسر، و سەرۆکی شاندەکانی عومان و لوبنان لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆبوونەتەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ژمارەیەک سەرۆک پەرلەمانی وڵاتانی عەرەبی کە دوێنێ لە کۆبوونەوەی یەکێتیی پەرلەمانی عەرەبییەکان بەشدارییان کردبوو، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گەییشتنە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بەمەبەستی جەختکردنەوە لە پشتیوانیی خۆیان بۆ سوریا و وەستان لە پاڵ ئەم وڵاتە.
ئەم گەشتە لەکاتێکدا ئەنجامی گرتووە کە «محەمەد حەلبوسی» سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد دوا بڕیاری خۆیان بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو ڕیزی وڵاتانی عەرەبی بدەن.
دوێنێ لە میانەی سی و چوارەمین کۆبوونەوەی یەکێتیی پەرلەمانە عەرەبییەکان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی عەرەبی لەسەر هەموو ئاستەکانی پەرلەمان و حکومەت بڕیاری کۆتایی بدەن بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو ڕیزی وڵاتانی عەرەبی و واش ھەڵدەگرێ کە ئەم وڵاتە ڕۆڵی خۆی لەنێوان وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و جیهان بە شێوەیەکی کاریگەربگێڕیت.