بەشار ئەسەد: ئەمریکا گەورەترین دەوڵەتی سەرەڕۆیە لە جیهاندا
سەرۆکی سوریا بە ئاماژەدان بە گەشتی نهێنیی سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا بۆ باکووری ئەو وڵاتە، وتی: ئەم گەشتە ئەوە نیشان دەدات کە ئەمریکا گەورەترین حکومەتی سەرەڕۆیە لە جیهاندا.
«مارک میلی» سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی ئەمەریکا، لە 4ی مارس دا، وێڕای پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە حکومەتی شەرعیی دیمەشق، چووە باکووری سوریا.
"بەشار ئەسەد"، سەرۆکی سوریا، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕوسیا ئەلیەوم، ڕایگەیاند کە جیهانی فرە جەمسەری خەریکە پێک دێت و ئەمریکاش سامەکەی جارانی نەماوە.
«بەشار ئەسەد» هەروەها ئاماژەی بە ئەگەری دیدار لەگەڵ «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان»ی سەرۆکی تورکیا کردو وتی: لە دۆخێکدا کە ئەولەویەتی ئەردۆغان بۆ دیالۆگ لەگەڵ سوریا هەڵبژاردنە، ئەولەویەتی دیمەشق کشانەوەی هێزە بیانییە نایاساییەکان، واتە تورکیا و ئەمریکا لە خاکی سوریایە.
لە وەڵامی لێدوانەکەی خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا کە بوونی سوپای تورکیا لە سوریا بە مانای داگیرکاری نییە، سەرۆکی سوریا وتی: ئەگەر ئەمە داگیرکاری نەبێت، کەوا بوو چییە؟ ئایا میوانداری کردنە؟!
«بەشار ئەسەد» هەروەها ئاماژەی بە درێژەی هێرشەکانی شەڕخوازانەی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر خاکی سووریا کرد و وتیشی کە ڕژێمی ئیسرائیل بۆردومانکردنی ناوچەکانی سووریای ڕانەگرتووە و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دۆخی سووریا تێکدەدات و لەو چوارچێوەیەشدا بە هاوکاریی ئەمریکا داعشی دروست کردووە.
سەرۆکی سووریا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستانی بە ناوبژیوانیی چین بە ڕێککەوتنێکی نایاب وەسف کرد و وتیشی: دیمەشق لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ تاران هەبووە.
لە میانی وتووێژەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان لە پەکین، دوو وڵات لە ١٠ی مارس دا ڕێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان دوای ٧ ساڵ.