مەزڵوم کۆبانی: هەسەدە هێزێکی سوریایەو هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چارەسەریی کێشەی سوریا دەبێ ئێمەشی تیادا بێت
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند: هەسەدە هێزێکی سوریایەو بە ھیواین کە لە داهاتوودا تێکەڵ بە سوپای سوریا ببین و دژی هەر ڕێککەوتنێکیشین کە دەستی ئەنقەرە لە سوریا ئازاد بکات.
«مەزڵوم عەبدی» ناسراو بە «مەزڵوم کۆبانی» فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلشەرق ڕایگەیاند" هەسەدە دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی سوریا پەرە پێبدات، گەرچی ھەتا ئەم ساتە حکومەتی سوریا لەم بارەیەوە بێ دەنگە.
کۆبانی ڕوونیشیکردەوە، هەسەدە هێزێکی سوریایە و بەشێکە لە سیستمی بەرگریکردن لە ناوچەکانی سوریاو هێزێکە کە دەبێت حسابی بۆ بکرێت و ژمارەی چەکدارەکانیشی (١٠٠) هەزار زیاترن. ھەر بۆیە بە ھیواشین کە لە داهاتوودا تێکەڵ بە سوپای سوریا ببین.
وتیشی: هەر گفتوگۆیەک سەبارەت بە چارەسەریی کێشەی سوریا دەبێت هێزەکانی سوریای دیموکراتیشی تیادا بێت و ئێمەش دەوڵەتی سوریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیمان لەوە ئاگادارکردووەتەوە.
جەختیشی کردەوە، دژی هەر ڕێککەوتنێکن کە دەستی ئەنقەرە لە سوریا ئازاد بکات و خوێنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەفیڕۆ بدات، بەڵام ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا بەو مەرجەی کە کۆتایی بە داگیرکردنی خاکی سوریا بهێنێت.