نیسان 28, 2023 12:26 Asia/Tehran
  • ئێران پێشوازی لە باشتربوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سووریا لە ناوچەکە و جیهان دەکات

باڵوێزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران پێشوازی لە باشتربوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی سووریا لە ناوچەکەو جیهان، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی دۆست و برای عەرەبی دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی سووریا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «ئەمیر سەعید ئیرەوانی» باڵوێزو نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە سووریا وتیشی: ئێمە بەردەوامیی پێشێلکردنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە لایەن ڕژیمی ئیسرائیل لە ڕێگەی دەستدرێژیکاری و هێرشی تیرۆریستی بە توندی ئیدانە دەکەین.

«ئیرەوانی» جەختی لەوەش کردەوە: ئەنجومەنی ئاسایش دەبێ پێوەری دووفاقانەی خۆی وەلا بنێت و وەڵامی داواکارییە بەردەوامەکانی سووریا لەمەڕ ھەوڵی کۆتایی هێنان بەم دەستدرێژکاریانە بداتەوە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە بەردەوامیی بایکۆت و کردەوەی تاکلایەنە بەربەستێکی گەورەیە لە بەردەم باشترکردنی دۆخی مرۆیی و ئابووری لە سووریا، ڕوونیشی کردەوە: ئەم ڕێوشوێنە نایاساییانە کاریگەریی تێکدەرانەی لەسەر ئابووری و ئاستی ژیانی خەڵک هەبووەو دەستەڵات و توانای حکومەتیان سنووردار کردووە لەمەڕ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

«ئیرەوانی» بە ئاماژەدان بەوەی کە یارمەتیی مرۆڤی بێلایەن و ناسیاسی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا زۆر گرنگە، جەختی لەوەش کردەوە: پێویستە پلانی هاوکارییە مرۆڤیەکان بە شێوەیەک دابنرێت کە یارمەتیی بنیات نرانەوەی ژێرخان و ھێزمەند بوونی ئابووری و گەشەسەندنی بەردەوام و درێژماوە بدات.

ناوبراو وتیشی: ئێران هاوڕێ لەگەڵ هاوبەشەکانی دا لە پڕۆسەی ئاستانە، پابەندە بە کارکردن بۆ ئاسایی بوونەوەی درێژخایەن و بەردەوام لە سووریا و لەم پێوەندییەشدا پشتیوانیی خۆمان بۆ بەردەوامیی وتووێژی نێوان سووریا و تورکیا وەک بەشێک لەم ھەوڵانە ڕادەگەیەنین.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد: بوونی نایاسایی هێزە سەربازییە بیانییەکان، لەوانە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا پێشێلکردنی ئاشکرای جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و سەرچاوەی سەرەکی نائەمنییە لەم وڵاتەدا، ئینجا داوای کشانەوەی دەستبەجێی تەواوەی ئەم هێزە نایاساییانە لە سووریای کرد.

سەرپەیڤ